نەواف حەسەن: هەوڵەکانی ئەمەریکا بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەنەکەسە و پەیەدە بگەنە ڕێککەوتن

نەواف حەسەن: هەوڵەکانی ئەمەریکا بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەنەکەسە و پەیەدە بگەنە ڕێککەوتن
  دوای بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا هەوڵێکی زۆر ھەیە بۆ ئەوەی ھێزەکانی سووریا خۆیان ناوچەکە بەڕێوە ببەن و لەو چوارچێوەیەدا ئەمەریکا دەیەوێ لایەنەکانی نێو ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد بگەڕێنەوە ڕۆژئاوای کوردستان. سەرۆکی ئەنجومەنەکەش نایشارێتەوە کە هەوڵەکانی ئەمەریکا ھەر بەردەوامە و چەندین کۆبوونەوەش لە نێوان ئەمەریکا و پەیەدە لە لایەک و ئەمەریکا و ئەنەکەسە لە لایەکی دیکەوە بەڕێوە چوونە.

نەواف حەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ئاشکرای کرد: "ڕاستە بەر لە چەند مانگێک ئەمەریکا هەوڵی دا ھەردوولا بگەیەنێتە ڕێککەوتن و دانیشتن لەگەڵ پەیەدە و لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردیش کرا، دواکۆبوونەوەش لە شاری هەوڵێر بەڕێوە چوو لە نێوان ئەمەریکا و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد. ئێمە تەنیا داواکاریمان ئەوە بوو لە کاتی دروستکردنی ناوچەی ئارامدا خەڵکی ئەو ناوچەیە خۆیان بەڕێوە بەرن و خەڵکی دیکە دەست لە کاروباریان وەرنەدات."

یەکێک لە گرێکوێرەکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و ئەو ھێزانەی سەر بە پەکەکەن گەڕانەوەی لەشکری پێشمەرگەی ڕۆژە، چونکە ھێزەکانی پەیەدە جگە لەو ھێزانەی لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە سەر بە خۆیانن، ڕێگە نادەن ھیچ ھێزێکی دیکەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ھەبێت. حەسەن دەڵێت: "ئێمە لە ڕووی سیاسییەوە نوێنەرایەتیی لەشکری پێشمەرگەی ڕۆژ دەکەین، هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەگەڵ ئێمە و لەگەڵ پەیەدەش بەردەوامە، بەڵام ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەی نەبووە، چونکە ئێمە ڕازی نابین خەڵک لە ناوچەیەکی دیکەوە بێت دەسەڵاتی بە سەر خەڵکی ئێمەدا ھەبێت."

پەیوەست بە پرسی گەڕانەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد بۆ ڕۆژھەڵاتی فورات و ڕۆژئاوای کوردستان، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد، ڕوونی کردەوە: "ئێمە لەو باوەڕەدا نین بە ھیچ شێوەیەک ڕژێمی بەشار ئەسەد بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی بەر لە ساڵی ٢٠١١ لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمدا بوو، بەڵام کاتێک ئەمەریکا بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی دەرکرد هەوڵێک لە لایەن پەیەدەوە درا بۆ ئەوەی ڕژێمی سووریا بگەڕێتەوە ھەندێ ناوچە و فەرمووی لە ھێزەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد کرد، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی لە ھاوینی ٢٠١٢دا کەوتبووە ژێر دەستی پەیەدە، بەڵام زۆر زەحمەتە تازە ڕژێم بگەڕێتەوە، چونکە وڵاتانی زلھێز ڕازی نابن بە گەڕانەوەی ھێزەکانی بەشار ئەسەد بۆ ئەو ناوچانە."

دوای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سووریا بە ھۆی بەڕێوەچوونی شۆڕشی جەماوەرییەوە ڕژێمی سووریا ناچار کرا لە زۆربەی ناوچەکانی سووریا پاشەکشە بکات و ئێستا دەیەوێ بگەڕێتەوە، بەڵام وەک نەواف ئاماژەی بۆ دەکات گەڕانەوەی ڕژێم بۆ ھەر ناوچەیەکی سووریا مەترسیی زۆر گەورە بۆ سەر خەڵکەکەی دروست دەکات و دەڵێت: "لەبەر ئەوەشە ئەمەریکا و ھەموو ئەو وڵاتانەی ڕۆڵیان لە سووریادا هەیە ھەنگاوێکی وەھا قبووڵ ناکەن."
kdp-
Top