ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دەدا
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، کۆبوونەوەکە بەو مەبەستەیە کە پلانێکی خێرا دابنرێت، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەبێ پاشەکەوت.
لەمبارەیەوە رێباز حەملان، وەزیری دارایی بە بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاندووە، لە دوای کۆبوونەوە نائاساییەکە، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی تەواوەتیی فەرمانبەران پاش چاککردنی لیستەکانی مووچە دەکرێت.
لەلایەن خۆشیەوە دڵشاد شەهاب، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەناڵی (کوردستان ٢٤)ی ڕاگەیاندووە، لە بەیانییەوە مووچە بە سیستەمی نوێ دابەش دەکرێت و هەوڵی جددیش دەدرێت تاوەکوو پێش جەژنی نەورۆز، سەرجەم وەزارەتەکان مووچەکانیان بەبێ پاشەکەوت وەربگرن. دەشڵێت: “مانگانە هاوشێوەی پێشوو، هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچەی بێ پاشەکەوت وەردەگرن”.
پێشتر ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو: ”بەمەبەستی دەستکەوتنی زانیاری لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە بەغدا مانگانە بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت، پەیوەندیم بە د. فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراقەوە کرد و ئەویش پێی ڕاگەیاندم کە بڕیاردراوە بە خەرجکردنی بڕە پارەی مانگەکانی ١ و ٢ و ٣ی ٢٠١٩".
گوتیشی: "لە چەند ڕۆژێکی کەمی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مانگی ٣ی ئەمساڵ دەخاتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی ٥٢٢ ملیار دینارە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشووتر ٣١٧ ملیار بوو، بەڵام لە یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراقدا گۆڕانکاریی تێدا کرا".
رۆژی هەینی ٨ی ئاداری ٢٠١٩، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری هەڵوەشانەوەی سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە كە لەم مانگەوە بێ پاشەکەوت، مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکرێت.
باسنیوز
