نوێنەرێکی کریستیان: کێشەی زێدەڕۆییی سەر زەویی ٣٠ گوندی کریستیانەکان چارە دەکرێت

نوێنەرێکی کریستیان: کێشەی زێدەڕۆییی سەر زەویی ٣٠ گوندی کریستیانەکان چارە دەکرێت
کێشەی نزیکەی ٣٠ گوندی کریستیانەکان لە دھۆک بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە و ھاووڵاتییانی کریستیان داوای قەرەبووکردنەوەی زەوییەکانیان دەکەن. نوێنەرێکی کریستیانەکانیش دەڵێ، زێدەڕۆیی کراوەتە سەر ٥٩ گوند و بە فەرمانی سەرۆک بارزانی زۆربەی کێشەکان چارە کراون.

کلارا عودیشۆ، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی ساڵانی ڕابردوو ھەوڵ دراوە کێشەی زێدەڕۆییی سەر زەویی کریستیانەکان چارە بکرێت، کە نزیکەی ٦٠ گوندە لە سنووری پارێزگای دھۆک، بەشێک لەو کێشانە چار کراون و خاوەنزەویەکان کە ھاووڵاتیی کریستیان بوون، قەرەبوو کراونەتەوە. دەتوانم بڵێم نیوەی کێشەکان چارە کراون، بەڵام ھێشتا بەشێکیان بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە."

لە ناوچەکانی دھۆک و سەرسنگ و ئاکرێ و ئامێدی زێدەڕۆیی کراوەتە سەر زەویی کریستیانەکان و بەشێکیان لە لایەن حکوومەتەوە بەکار ھێنراون، بەڵام بەپێی یاسا، کێشەکانیان بەرەو چارەکردن دەچێت و قەرەبووی زیانەکانیان دەکرێتەوە، نوێنەرەکەی کریستیان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کێشەی زەویی نزیکەی ٣٠ گوند چارە نەکراوە، سەرۆک بارزانی فەرمانی بە دەزگە پەیوەندیدارەکان کردبوو ئەوانیش چارە بکرێن و غەدر لە ھیچ ھاووڵاتییەک نەکرێت، لەوبارەیەوە ڕاپۆرتێک ئامادە کراوە و، ھەنگاوەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بەتەواوی کێشەکان چارە بکرێن."

کلار عودیشۆ ڕوونی کردەوە: "زۆربەی ئەو کێشانەی مڵکداری کە چارە نەکراون، پەیوەندییان بە قەیرانی دارایییەوە ھەیە، چونکە پێویستە پارە بۆ قەرەبووکردنەوەیان تەرخان بکرێت، نووسراویش بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، ھەرکاتێک ڕەوشی داراییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باشتر ببێت، ئەوە بێگومان ھەموو ھاووڵاتییانی کریستیان قەرەبوو دەکرێنەوە و کێشەکانیان چارە دەکرێت."
kdp-
Top