د. عومەر نوورەدینی: سەرۆک بارزانی ڕۆڵی مێژووییی لە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتیدا بینی

د. عومەر نوورەدینی: سەرۆک بارزانی ڕۆڵی مێژووییی لە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتیدا بینی
مامۆستایەکی زانکۆ پێی وایە ڕێککەوتنی پارتی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان تەنیا لەسەر دەسەڵات نییە و پێوەندیی بە دەستوور و سیستەمی سیاسی و چاکسازی لەسەر پرسی خاک و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە. دەشڵێ، سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی مێژووییی لە بەیەکگەیشتنیاندا ھەبوو.

ڕۆژی ٤ی ئادار پارتی و یەکێتی گەیشتنە ڕێککەوتن و دوای ڕێککەوتنەکەش ئومێدی زیاتر گەڕایەوە بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، تا بە یەکگرتوویی کێشەکان چارە بکرێن و حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستانیش پێک بێت، دکتۆر عومەر نوورەدینی، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕێککەوتنی پارتی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی تەنیا لەسەر دەسەڵات نین، بەڵکو کۆمەڵێک بنەما و پرەنسیپ و بەھای سیاسی و یاسایی لە خۆ دەگرێ، کە پێوەندییان بە دەستوور و سیستەمی سیاسی و چاکسازی لەسەر پرسی خاک و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە."

نوورەدینی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕێککەوتنەکان زەمینەی گونجاو دەڕەخسێنن بۆ بەھێزبوونەوەی متمانەی سیاسی و ئاوێتەکردنی تواناکان لە حوکمڕانیی باش و سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی پتەوتر دەکەن، بەتایبەتی یارمەتیدەر دەبن بۆ ھێنانە ئارای ھاوھەڵوێستی، یان لانیکەم ڕێگری لە دابڕان و پەرشوبڵاویی ناوخۆیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا دەکەن، بەمەش ھەرێمی کوردستانێ باشتر گەمەی سیاسی لەگەڵ بەغدا دەکات."

ئەمڕۆ سێ ڕۆژ بەسەر ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتیدا تێپەڕی، کەچی بازاڕی ھەرێمی کوردستان لە زۆربەی بوارەکاندا جووڵەی تێ کەوتووە و شارەزایان پێشبینیی گەشەیەکی ئابووریی بەرچاو دەکەن. ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێت: "ئەوەی زۆر بەلامەوە گرینگە ئاسوودەییی خەڵکی کوردستانە، چونکە پێم وایە بە ھۆی ڕێککەوتنی لایەنەکانەوە ڕای گشتی دروست دەبێت و بازاڕ دەبووژێتەوە و چالاکیی ئابووریی زیاتر گەشە دەکات. ھەروەھا پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەھێز دەبێت، چونکە زۆربەی ئەو سیاسەتمەدارانەی دۆستی کوردن، زۆرجار ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، پێویستە پێش ھەموو شتێک کورد خۆیان یەکگرتوو و یەکڕیز بن.

پەیوەست بە ڕۆڵ و کاریگەریی سەرۆک بارزانی لەسەر بەیەکگەیشتنی لایەنە سیاسییەکان، دکتۆر عومەر نوورەدینی ڕوونی کردەوە: "سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی بەرچاو و سەرەکیی ھەبووە لەوەی لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن، پێم وایە سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی مێژوویی بینی لەو ڕێککەوتنانەی کراون لە نێوان پارتی و گۆڕان و پارتی و یەکێتیدا، کە سەرۆک تەنیا وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرنەکەوت، بەڵکو وەک ماڵێک ھی ھەموان بێ و بۆ ھەمووانیش بوو."
kdp-
Top