سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا کرد
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ـی ٣ـی ٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كرد كە پێك هاتبوو لە دەنیس ناتاڵی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ململانێكان و سەقامگیری، و ئەندرۆ پیك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران و عێراق و ستیڤێن ڤاگین كونسووڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سڵاوی مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكایان بە سەرۆك بارزانی گەیاند و هەروەها جەختیان لەوە كردەوە كە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پێزانینی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەیە لە پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكای كرد. هەورەها تەقدیری هەبوو بۆ پەرۆشی و سەرنجی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لەمەڕ پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی ئاوارەكان و ناوچە ئازادكراوەكان تاوتوێ كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە ئاسایش و سەقامگیری و خزمەتگوزاریی لە ناوچەكان دابین بكرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاییندەیان گەرەنتی بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی مەترسییەكانی تیرۆر و پێویستیی شەڕی هەمەلایەنەی هزری توندڕۆیی لە عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و جەخت لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردوامی نێوان هەردوولا كرایەوە.
kdp-
