لە سلێمانی چەند بڕیارێک لەبارەی بەنزین و غازەوە دەدرێت
ماڵپەڕی فەرمی قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاوی کردەوە، ئەمرۆ پێنجشەممە 7/3/2019، لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی كۆبوونەوەیەك لەنێوان قائیمقام و بەرێوبەرانی بەرگری شارستانی، نەوت و كانزاكان، كوالێتی كۆنترۆڵ، چاودێری بازرگانی، ئاسایشی ئابووری، لیژنەی بەنزینخانەكان و سیستمی غاز، بەڕێوەچوو، تێیدا چەند بڕیارێک لەبارەی كوالێتی سووتەمەنی لە بەنزینخانەكان و سەلامەتی سیستمی غاز (LPG) دەرکرا.
ڕوونیشکراوەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بە وردی باس لە چاودێری زیاتری بەنزینخانەكان كرا لە رووی جۆر و كوالێتی ئەو بەنزین و سوتەمەنیانەی دەیفرۆشن، لەم رووەوە بڕیاردرا هەماهەنگی زیاتر لەنێوان لیژنە هاوبەشەكان و بەرێوبەرایەتی نەوت و كانزاكان بكرێت و لیژنەیەكی تایبەتی پشكنینیش وەكو بەشێك لە لیژنە هاوبەشەكان دروست بكرێت بۆئەوەی لە رۆژانی پشوو دوای دەوامدا پشكنین بۆ كوالێتی بەنزین بكات.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە باس لە دانانی سیستمی غاز بۆ مۆڵ و سیتی و باڵەخانە و ماڵان كراوە و جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە دەبێت ئەو سیستمانە لەلایەن كۆمپانیای باوەڕپێكراوەوە دابنرێن و كۆمپانیاكە بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو سیستمە لەرووی سەلامەتییەوە لە ئەستۆ بگرێت، لەم ڕووەشەوە بڕیاردرا كۆبونەوەیەكی تایبەت لەگەڵ كۆمپانیاكانی دانانی سیستمی غاز بكرێت و پابەندی سەرجەمی مەرج و رێنماییەكانی سەلامەتی بكرێن.
باسنيوز
