وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: مایک پۆمپیۆ ستایشی سەرۆک بارزانی دەکات

 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: مایک پۆمپیۆ ستایشی سەرۆک بارزانی دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ستایشی سەرۆک بارزانی دەکات.



رۆژی سێشەممە 5-3-2019، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە سەرۆک مەسعود بارزانییەوە کرد و گفتوگۆیان لەبارەی ژمارەیەک پرسی تایبەت بە کوردستان، عێراق و شەڕی دژی تیرۆر، کرد.



رۆبێرت پاڵادینۆ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، مایک پۆمپیۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، تاوتوێی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعشی کردووە.



رۆبێرت پاڵادینۆ هەروەها رایگەیاندووە، مایک پۆمپیۆ ستایشی بەشداریی و رۆڵی سەرۆک بارزانی لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، کردووە.



هەروەک جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، بەشێوەیەک، کە ”وەڵامی داخوازییەکانی گەلی کوردستان بداتەوە“.






باسنیوز
Top