دوو پێشانگای نێودەوڵەتی لە ھەولێر کرانەوە
عەبدوڵڵا ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ، چوارشەممە (٦ی ٣ی ٢٠١٩)، پێشانگای نێودەوڵەتیی ئۆتۆمبێڵ لە ھەولێر کرایەوە، کە ئەمە پێشانگای یازدەھەمە لە بواری ئۆتۆمبێڵدا. لە پێشانگای ئەمڕۆدا ٢٥ کۆمپانیا لە ١٠ وڵاتی جیھانەوە بەشدارییان کردووە، لەوانەش ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و چین و تایوان، کە لە چواردە بڕاندی جیھانی پێک ھاتوون، لەگەڵ یازدە بڕاندی کەلوپەلی ئۆتۆمبێل و چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت."
سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر ڕوونی کردەوە: "ھەر ئەمڕۆ پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ کەلوپەلی کۆمپانیاکانی میسر بەڕێوە چوو، حەفتا کۆمپانیا تێیدا بەشدارن، ئەمەش بۆ ماوەی دوازدە ڕۆژ بەردەوام دەبێت، کە تایبەتە بە ھەموو پێداویستییەکانی ژیان لە خۆراکەوە بگرە تا جوانکاری و جلوبەرگ و کەلوپەلی ناوماڵ، لە پێشانگای میسری فرۆشی تێدایە و ھاووڵاتییان دەتوانن ڕاستەوخۆ کەلوپەل بکڕن."
عەبدوڵڵا ئەحمەد گوتیشی: "کردنەوەی پێشانگا نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبێت، بڕیارە لە ڕۆژی ١٧ی ئادار پێشانگای نێودەوڵەتیی گەشتوگوزار بەڕێوە بچێت، لەمەشدا دەیان کۆمپانیای ناوخۆ و بیانی لەسەر ئاستی جیھان بەشدار دەبن."
kdp-
