مەحمود سەنگاوی: داعش لەمساڵدا ٧ جار هێرشی کردووەتە سەر پێشمەرگە
مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری ھێزی پێشمەرگە، لە پەراوێزی دیداری سلێمانیدا ڕایگەیاند: ”ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش قۆناغی مەترسی تێنەپەڕاندووە و لەھەندێک ناوچە دەستی بە جووڵەی سەربازی کردووەتەوە، بەڵام پێشمەرگە سەنگەرەکانی خۆی پاراستووە و ڕێگەنادات داعش زیاتر بێتە پێشەوە".
ڕوونیشی کردەوە، ڕێکخراوی داعش لەسەرەتایی ساڵی ٢٠١٩دا نزیکەی ٧ جار ھێرشیان کردووەتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بۆیە ”ئێستا داعش بوونەتەوە بە ھێزێکی مەترسیداری ناوچەکە و ئێمە ھەمیشە ڕووبەڕوویان دەوەستینەوە".
مەحمود سەنگاوی، ئاماژەی بەوەش دا، لەو کاتەوەی حکوومەتی عێراق کۆتاییھاتنی شەڕی داعشی ڕاگەیاندووە، پێشمەرگە لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە و کاتێک داعش فیشەکێک دەتەقێنێت، ”ھێزی پێشمەرگە بەتوندی وەڵامیان دەداتەوە“. گوتیشی: ”ئێستا داعش چەکی قەناس بە دووربینی شەوەوە بەکاردەھێنن، ھەروەھا جووڵە سەربازییەکانی خۆیان چڕترکردوەتەوە، بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ ھیچ پێشمەرگەیەک بەھۆی چالاکییەکانی داعش شەھید نەبووە".
باسنیوز
