مەحمود سەنگاوی: داعش لەمساڵدا ٧ جار هێرشی کردووەتە سەر پێشمەرگە

مەحمود سەنگاوی: داعش لەمساڵدا ٧ جار هێرشی کردووەتە سەر پێشمەرگە
فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئاشکرای کرد کە داعش دەستی بە جووڵەی سەربازی کردووەتەوە، بەڵام پێشمەرگە بە توندی وەڵامیان دەداتەوە.

مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری ھێزی پێشمەرگە، لە پەراوێزی دیداری سلێمانیدا ڕایگەیاند: ”ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش قۆناغی مەترسی تێنەپەڕاندووە و لەھەندێک ناوچە دەستی بە جووڵەی سەربازی کردووەتەوە، بەڵام پێشمەرگە سەنگەرەکانی خۆی پاراستووە و ڕێگەنادات داعش زیاتر بێتە پێشەوە".

ڕوونیشی کردەوە، ڕێکخراوی داعش لەسەرەتایی ساڵی ٢٠١٩دا نزیکەی ٧ جار ھێرشیان کردووەتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بۆیە ”ئێستا داعش بوونەتەوە بە ھێزێکی مەترسیداری ناوچەکە و ئێمە ھەمیشە ڕووبەڕوویان دەوەستینەوە".

مەحمود سەنگاوی، ئاماژەی بەوەش دا، لەو کاتەوەی حکوومەتی عێراق کۆتاییھاتنی شەڕی داعشی ڕاگەیاندووە، پێشمەرگە لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە و کاتێک داعش فیشەکێک دەتەقێنێت، ”ھێزی پێشمەرگە بەتوندی وەڵامیان دەداتەوە“. گوتیشی: ”ئێستا داعش چەکی قەناس بە دووربینی شەوەوە بەکاردەھێنن، ھەروەھا جووڵە سەربازییەکانی خۆیان چڕترکردوەتەوە، بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ ھیچ پێشمەرگەیەک بەھۆی چالاکییەکانی داعش شەھید نەبووە".













باسنیوز
Top