د.بەشیر حەداد: پێوسته سەندیکای پزیشکان لە هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر نووسینی راچەتە پزیشکییەکان بکەنەوە

د.بەشیر حەداد: پێوسته سەندیکای پزیشکان لە هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر نووسینی راچەتە پزیشکییەکان بکەنەوە
د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک داوای کردووە پێوسته سەندیکای پزیشکان لە هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر نووسینی راچەتە پزیشکییەکان بکەنەوە و به چاپی‌ ئەلکتڕۆنی بێت نەك به دەست.



ڕاگەیەندراوەکەی د. بەشیر حەداد، بڕیاری سەندیکای پزیشکانی عێراق سەبارەت بە چاپی راچەتەی پزیشکی بەرز دەنرخێنێت کە لەلایەن پزیشکانەوە بە ئامێری چاپکردن دەردەچێت، نەک نووسینی دەست، داواش لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەندیکای پزیشکانی کوردستان دەکات هەمان كار جێبەجێ بکەن.



حەداد روونی کردووەتەوە ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان پێشتر بڕیاری ھاوشێوەی دەرکردبوو کە پزیشکان پابەند دەکات بە نووسینی دەرمانە پزیشکییەکان بە شێوەی ئەلکترۆنی لەسەر ئامێری چاپکردن، بەڵام بەداخەوە تاکوو ئێستا ئەو بڕیارە له هەریم جێبەجێ نەکراوە.



ئاماژەی بەوەش داوە پەیوەندیمان به وەزارەتی تەندروستی و سەندیکای پزیشکان و سەندیكای دەرمانسازان له هەریمی کوردستان کردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و پابەندکردنی پزیشکان بەو بڕیارە، ئەوەش بەھۆی زۆریی سکاڵا سەبارەت به سەختی و زەحمەتی خوێندنەوەی نووسینی پزیشکەکان لەلایەن دەرمانخانەکان، چونكه نوسینەکان بە دەست نووسراون.



د. بەشیر حەداد داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە له‌ ھەرێمی کوردستان دەکات، بۆ رێگری لەوەی زیان بە ھاووڵاتیان بگات، بەتایبەت کە بڕیارەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێش رێنماییەکانی سەندیکای پزیشکانی عێراق دراوە لەبارەی نووسینی دەرمانی چارەسەرە پزیشکییەکان بە کۆمپیوتەر و ئامێری چاپکردن.





باسنیوز
Top