شێخ جەعفەر: کۆبوونەوەکەی بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ ھۆکاری ڕێککەوتنەکە بوو

شێخ جەعفەر: کۆبوونەوەکەی بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ ھۆکاری ڕێککەوتنەکە بوو
فەرماندەی یەکەی ٧٠ ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، جەختی لە گرنگیی ڕێککەوتنەکەی نێوان حزبەکەی و پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوە و بە ”گرنگ و پیرۆز“ وەسفی کرد.



جەعفەر شێخ مستەفا، ڕاگەیاند، ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ”کارێکی زۆر باشە و ھیچ شتێک ھێندەی ئەو ڕێککەوتنە گەورەتر و پیرۆزتر نییە، چونکە ئەو ڕێککەوتنە بەشێوەیەکی ئەرێنی کاردەکاتە سەر ژیانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان".



ئاماژەشی بەوە کرد کە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ئەوە دەکەن، ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئارامی بەدوای خۆیدا بھێنێت، بۆیە ”ئەو ڕێککەوتنە بە دەستکەوتێکی چارەنووسساز و گرنگ دەزانم".



جەعفەر شێخ مستەفا نەیشاردەوە کە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، ”ھۆکاری ئەوە بووە کە پارتی و یەکێتی بتوانن پێکەوە ڕێککەوتنێکی سیاسی واژۆ بکەن".



ڕۆژی دووشەممە ٤ی ئاداری ٢٠١٩، پارتی و یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و دواتر ڕێککەوتنێکی سیاسییان واژۆ کرد.








باسنیوز
Top