بێگەرد تاڵەبانی: یەکێتی باسی پۆستەکانی لە ناوخۆ و لەگەڵ پارتیش نەکردووە
بێگەرد تاڵەبانی ڕای گەیاند، ئەوان لەسەر بڕیاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و ئەنجومەنی سەرکردایەتییان، دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان بایکۆت کردووە تا ئەو کاتەی پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنی سیاسی واژۆ دەکەن. دەشڵێت: ”دڵنیام مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەستی فراکسیۆنەکەی واڵا دەکات بۆ بەشداریکردنی لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و ڕێکەوتنی فراکسیۆنەکان بۆ دیاریکردنی پشکی یەکێتی لە لێژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمان“. دووپاتیشی کردەوە کە ئەوان چاوەڕێن مەکتەبی سیاسی دەستیان واڵا بکات و کاندیدەکانیشیان بۆ لێژنەکانی پەرلەمان ”ئامادەیە“ و "ھەڤاڵانمان دابەشکردووە بەسەر لێژنەکانی پەرلەمان".
لەبارەی پشکی یەکێتی لە حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی بە بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاندووە: ”تا ئەم ساتەی قسەی تێدا دەکەم، یەکێتی باسی پۆستەکانی لە ناوخۆ و لەگەڵ پارتیش نەکردووە، تەنھا ڕێککەوتنە سیاسییەکەی واژۆ کردووە، چاوەڕێی ئەو ڕێککەوتنەین کە لەچەند ڕۆژی داھاتوودا لەنێوان پارتی و یەکێتی دەکرێت بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، تاوەکوو بەرچاومان ڕوون بێت یەکێتی چ پۆستێک وەردەگرێت. پاشان یەکێتی ھەوڵ دەدات کاندیدەکان بۆ پۆستەکانی پەرلەمان و حکوومەت کە وەریاندەگرێت، یەکلایی بکاتەوە".
باسنیوز
