سبەی نوێنەری ئەنەکەسە لەگەڵ شاندێکی ئۆپۆزسیۆن دەچنە ئەمەریکا

سبەی نوێنەری ئەنەکەسە لەگەڵ شاندێکی ئۆپۆزسیۆن دەچنە ئەمەریکا
- ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دەڵێ، ئەمەریکا لەھەوڵدایە ھەموو پێکھاتەکان بەشداری لە پاراستنی ڕۆژھەڵاتی فوراتدا بکەن و لەشکرێک لە ھەموو پێکھاتەکان دروست بکرێت و ھەمووان ڕۆڵیان تێیدا ھەبێت و تەنیا پەیەدە و ڕژێم نەبێت.

نەواف حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شەڕی داعش لە سووریا بەرەو کۆتایی دەچێت و ئێستاش ئەمەریکا خۆی سەرپەرشتیی دۆسیەی سووریا دەکات، بەتایبەت لە ڕۆژھەڵاتی فورات، بۆیە ئەمەریکا دەیەوێت گۆڕانکارییەک بکات کە ھەموو پێکھاتەکان ڕۆڵیان تێیدا ھەبێت، بەتایبەت ئەنەکەسە، چونکە ئەمەریکا نایەوێت تەنیا ڕژێمی سووریا و پەیەدە ڕۆڵیان ھەبێت و دەیەوێت ھەموو پێکھاتەکان ڕۆڵیان ھەبێت و ڕۆڵی ڕژێم و پەیەدە لاواز بکات."

نەواف حەسەن گوتیشی: "بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی باڵای ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە بەشداریی نوێنەری ئەنەکەسە، ئیبراھیم برۆ، سبەی سەردانی ئەمەریکا دەکەن و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەوە دەکەن و باس لە ئایندەی سووریاش دەکرێت، بۆیە بەم نزیکانە گۆڕانکاریی نوێ لە سووریا ڕوو دەدەن."
kdp-
Top