"ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ خەڵکی کوردستان مایەی خێروخۆشییە"
ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مستەفا چاوڕەش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی ھەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو و پیرۆزباییان لێ دەکەین و ئەو گرێکوێرەیە کرایەوە لە لایەن کاک مەسعوود بارزانی و کاک کۆسرەت ڕەسووڵ و دواتر ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی دانیشتن و ڕێککەوتنیان کرد، ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان و ھەموو پارتی و یەکێتی، بۆیە ھیوادارین لە خزمەت خەڵکدا بین و حکوومەتی داھاتوو ھی ھەموو خەڵک بێت، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی ئیجابی و زۆر باشە."
مستەفا چاوڕەش گوتیشی: "لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بەرھەمەکەی دیار دەبێت و ئەمە بە شەو و ڕۆژێک ناکرێت و پێویستە نەفەسدرێژ بین، بۆیە پێویستە حکوومەت و پەرلەمان بە جۆرێک بن کە ھەموو خەڵک لە سایەیدا بحەسێتەوە، بۆیە پێویستە قسەکانمان بە ئاراستەی تەبایی بێت، چونکە تەنیا ئەوە چارەسەرە."
چاوڕەش باسی لەوەش کرد: "لەم دوو سێ ڕۆژەدا ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی کۆ دەبێتەوە و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکەین و دەگەڕێینەوە بۆ پەرلەمان و دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانیش لە ڕێگەی دەنگدانەوە دەبێت و ھەرکەسێک زۆرینە بەدەست بێنێت دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان، بۆ ئەوەی پەرلەمان دەستبەکار بێت و حکوومەتیش دواتر دروست بکرێت."
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ڕێککەوتنە گرنگەی نێوان پارتی و یەکێتی بەرھەمی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی بوو، چونکە ڕێککەوتنەکە لەوێ سەرچاوەی گرتبوو، بۆیە دوای ڕێککەوتنەکە ھەوڵ دەدرێت تاوەکو سەرەتای مانگی چوار حکوومەتی نوێ دروست بکرێت، چونکە یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم ھەموار دەکرێتەوە و سەرۆکی ھەرێم ھەڵدەبژێرن، بۆیە ئەمەش کاتی پێویستە، بەڵام ھەنگاوەکان خێراتر دەبن."
ئیسماعیل باسی لەوەش کرد: "ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژوەندیی خەڵکی کوردستانە، چونکە پێویستە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکرێت و سەقامگیری دروست بێت، ئەمەش لە ڕێگەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆیە ئەو ڕێککەوتنە دەبێتە مایەی خۆشی و ئارامی بۆ خەڵکی کوردستان."
kdp-
