نیازی حەمەعەزیز: لە دوای ڕاپەڕینەوە زۆر شت دەبێ شانازیی گەورەی پێوە بکەین

نیازی حەمەعەزیز: لە دوای ڕاپەڕینەوە زۆر شت دەبێ شانازیی گەورەی پێوە بکەین
ئەمڕۆ یادی ٢٨مین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینە مەزنەکەی شاری ڕانیەیە و بەشداربوویەکی ئەوساش دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کابینە لە دوای کابینە کاری باشتری لە بەرەوپێشبردنی کوردستان کردووە و لەو قۆناغەی ئێستاشدا لە دوای ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی خەڵک خوازیاری چاکسازی و کاری باشترە، چونکە ھەرگیز کوردستانی پێش ڕاپەڕین بەراورد بە کوردستانی ئاوەدان و ئازادی ئێستا ناکرێت.

پەیوەست بە یادی ٢٨ ساڵەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی شاری ڕانیە و بەستنەوەی ئەم قۆناغە بە ئێستای ھەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە ڕۆژێک پێش ساڵڕۆژێکی وا مەزندا، ھاووڵاتیی بەشداربووی ڕاپەڕینی ٥ی ئاداری شاری ڕانیە، نیازی حەمەعەزیز، کە ئێستا بڕیاردەری دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەک بەشداربوویەکی ڕاپەڕینی ٥ی ئادار و ڕۆژانی دوایی کە لە ڕانیەوە سەری ھەڵدا، لە سایەی خوێن و خەباتی ئەو تێکۆشەرانەی کە ئەوسا شەھید بوون و ئەوانەی لە ژیانیشدا ماون، گەیشتوینەتە ئەو ڕۆژەی کە بە شانازییەوە یادی ٢٨ ساڵەی ئازادیی ھەرێمی کوردستان دەکەینەوە و یادی سەربەستییەکانی خۆمان و ڕزگاربوونمان لە ڕژێمێکی داگیرکەری زاڵمی ستەمکار دەکەینەوە، ئەگەر بێت و باسی ئەم قۆناغەی ئێستا بکەین کە تێیداین قۆناغێکی زۆر ناسکە، ھەرێمی کوردستان تووشی چەندین گیروگرفت بووەوە، حکوومەتی ھەرێم و پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم خەڵکی کوردستان لەو چەند ساڵەی پێشوودا ڕووبەڕوی چەندین دژواری بووینەوە کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ڕەوتی پێشکەوتنی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری ھەبوو."

حەمەعەزیز گوتیشی: "پێشتر کاتێک حکوومەتی ھەرێم دامەزراوە لە ساڵی ١٩٩٢ بەدواوە پەرلەمانی کوردستان لە چەندین کابینەی یەک لەدوای یەکدا چەندی لە توانایدا ھەبووبێ، ئەو کابینانە خزمەتێکی زۆریان کردووە و کوردستانیان لە قۆناغێکەوە بردە قۆناغێکی تر، ڕەنگە زۆر کەس بڵێ کوردستان وێرانەیە، بەڵام ئەوەی کە ھەیە ئێمە پێش ھەموو شتێک وێستگەی ڕزگاربوون و ئازادیمان لە دوای ڕاپەڕین لەگەڵ پێش ڕاپەڕین جیاوازییەکی زۆری ھەیە، لە سەردەمی پێش ڕاپەڕین ھیچ ئازادییەکمان نەبوو، مافێک کە درابێ بە خەڵکی کوردستان لەسێدارەدان و کۆچپێکردن و وێرانکردن و جینۆساید و کیمابارانکردن بووە، زوڵمە بڵێین ئێمە لە سەردەمێکداین جیاوازیی نییە لەگەڵ سەردەمی پێش ڕاپەڕین. لە سەردەمی دوای ڕاپەڕیندا زۆر شت ھەیە کە دەبێ شانازیی پێوە بکەین، کە حکوومەتێکی خۆماڵیمان ھەیە، سەداسەد کورد خۆی بەڕێوەی دەبات، توانیمان لە فیدڕاڵییەتەوە کە خۆمان ناومان نابوو فیدڕاڵیی و سەددام حوسێن ددانی پێماندا نەدەنا تا دوای ٢٠٠٣، ئەوە بوو ئەو فیدڕاڵییە بە دەستووری ھەمیشەییی عێڕاق چەسپێنرا، دەستووری عێراق یەکێکە لەو دەستکەوتانەی دوای ڕاپەڕین و ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن کە کورد بەشدارییەکی کاریگەری تێیدا ھەبوو، ئەویش بەشێکە لەو دەستکەوتانەی کە لە دوای ڕاپەڕین بەدی ھات، دواتر ئەوەندەی لە توانای حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەبووبێ خزمەتگوزاری و ئاوەدانی بۆ کوردستان کراوە، بەراوردی کوردستانی ئێستا بکەیت لەگەڵ کورستانی پێش ڕاپەڕین جیاوازییەکەی عەرز و ئاسمانە."

ئەو بەشداربووەی ڕاپەڕینی ڕانیە زیاتر دەڵێت: "تەنیا ھەندیک کات کێشەی لێکتێگەیشتن لە نێوان ھەندێ ھێزی گەورەی وەک پارتی و یەکێتی دروست دەبێت، بەڵام ھەمیشە لە ساتە  سەختەکاندا وەک ئەمڕۆ خۆشبەختانە بە دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی ٣ی ئاداری ٢٠١٩ لەگەڵ کۆسرەت ڕەسووڵ دانیشتن و زۆربەی زۆری ئەم کیشانەیان وەلا نا و ئێستا ئێمە کەوتووینە قۆناغێکی ترەوە، دەبینین کە ڕێکەوتی یادی ٢٨ـمینی ٥ی ئادار و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان ڕێک کەوتووە لەگەڵ ڕێککەوتنی ئەمڕۆی ھەردوو لایەنی سیاسیی پارتی و یەکێتی، کە ئەم دوو ھێزە گەورەترینن لە کوردستان لە ڕووی جەماوەرییەوە و ھێزی بەرپرسیارن بەرانبەر بە بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان و بە شێوەیەکی زۆر باش لێکتێگەیشتن دروست بوو، کە تا چوار ساڵی تر حکوومەت پێکەوە دەنێن و کابینەی تازە دادەمەزرێ، گشتی لە سایەی بیرکردنەوە و مەرجەعیەتی سەرۆک بارزانییە. خەڵک خوازیاری چاکسازییە لەم کابینە نوێیەی کە دادەمەزرێ و بەھیواین بە ھەمان ڕووحیەتی سەردەمی ڕاپەڕین بە یەک دروشم و بەیەکەوە قۆناغەکە بە سەرکەوتویی بەڕێوە ببرێت و ھەموو بەیەکەوە یەک بگرین لەپێناو کاری باشتر و کوردستانێکی سەربەخۆدا."
kdp-
Top