لە ساڵیای ڕاپەڕیندا، هاووڵاتییان داواكارن لایەنە سیاسییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن

لە ساڵیای ڕاپەڕیندا، هاووڵاتییان داواكارن لایەنە سیاسییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن
ئەمڕۆ یادی ٢٨ ساڵەی ڕاپەڕینە جەماوەری و شكۆدارەكەی ٥ی ئازاری ١٩٩١ی ڕانیەیە، ھاووڵاتییان داوا دەكەن ھەموو لایەنە سیاسییەكان و چینوتوێژەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن و تێبكۆشن بۆ وەدیھێنانی ئامانجە مەزنەكە، كە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە. دەشڵێن، دەڤەرەكە فەرامۆش كراوە و پێویستی بە خزمەتكردنی زیاترە.

ئەمڕۆ ٢٨ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی شاری ڕانیەدا تێ دەپەڕێ، كە لە ٥-٣-١٩٩١ كڵپەی سەند و پاشان ھەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستانی گرتەوە، ڕاپەڕینەكەش لە دژی ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس بوو.

زەنگی ڕاپەڕین

یەعقووب عەبدوڵڵا، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی ناحیەی حاجیاوایە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیار بوو لە ڕۆژی ٧ی مانگ ڕاپەڕین بكرێت، ‎بەڵام خەڵكی دەڤەرەكە ئارامیان نەگرت و چاوەڕێی ئەو ڕۆژەیان نەكرد و لە دژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین، ‎لە شارۆچكەی حاجیاوا دوو بنكەی عەسكەریی ڕژێمی بەعس ھەبوو، یەكێك لە بنكەكان تەقەی لە كۆمەڵێك كەس كردبوو، لە بەرامبەر ئەوەدا خەڵكەكە ڕاپەڕین و ڕژێمی بەعسیان لەو شارۆچكەیە وەدەر نا، ھەر لەو ڕۆژەدا شارۆچكەی چوارقوڕنە و دواتر قەزای ڕانیەش ئازاد كران."

عەبدوڵڵا ئاماژە بەوە دەكات، كە یەكەم شەھیدی ڕاپەڕینیش ھەر لە حاجیاوا بوو كە كاتژمێر ٩ی بەیانی شەھید بوو، بە ناوی عەلی حوسێن. دەشڵێت، ‎ئەم شارۆچكەیە كە خاوەنی زەنگی ڕاپەڕینە، ‎فەرامۆش كراوە لە زۆر ڕووەوە، نموونەش بەوە دێنێتەوە، تاوەكو ئێستا ھۆڵێكی چالاكیی ڕۆشنبیری و ھونەرییان نییە.

یەكەم شەھیدی ڕاپەڕین

پێوەست بە یەكەم شەھیدی ڕاپەرین، كاكە عەلی حوسێن، كوڕی یەكەم شەھیدی ڕاپەرین، کە باوكی خۆی نەدیوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "٢٨ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا باوكم شەھید كرا، كە جەماوەری كوردستان لەدژی دڕندەترین ڕژێمی دنیا ڕاپەرین و چیتر ئەو ڕژێمە دیكتاتۆرەیان قبووڵ نەكرد، بۆیە سەربەرزم كە باوكم لە ڕێی خاك و نیشتماندا شەھید كراوە و شانازییە بۆ من كە كوڕی یەكەم شەھیدی ڕاپەڕینم."

كاكە دەشڵێت: "لە ھەموویان گرنگتر یەكڕیزیی حزب و لایەنە سیاسییەكان بوو، كە ئەمەش بووە ھۆكاری سەركەوتنی ڕاپەڕین، بۆیە لە وەھا كاتێكیشدا زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان ھەیە، چۆن بۆ ڕاپەڕین پێویست بوو، ئێستاش بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین كە بە خوێنی ھەزاران شەھید ھاتوونەتە دی، زیاتر پێویستە."

كلیلی دەروازەی ڕاپەرین

محەمەد ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و دانیشتووی شاری ڕانیە، كە ئەوكات دانیشتووی شارۆچكەی چوارقوڕنە بووە،‌ ڕووداوەكانی ٥ی ئاداری ساڵی ١٩٩١ دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "لەگەڵ كۆمەڵێك ھاوڕێمدا بەشداری ڕاپەڕینەكە بووین و لەسەر شەقامەكان شانبەشانی گەورەكان دروشممان دەگوتەوە و ھێرشمان دەبرد بۆ سەر دامودەزگاكانی ڕژێم، ڕاپەڕینەكە لە شارۆچكەی چوارقوڕنە دەستی پێ كرد، شەقامەكان و ڕێگای ھاتوچۆی نێوان ڕانیە و سلێمانی لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە داخرا و وێنە گەورەكەی سەددامی دیكتاتۆر كە لە دەروازەی شارۆچكەكە دانرابوو، شكێنرا، بەڵام پاش ماوەیەك ھێزێكی زۆری سوپای ڕژێم كە لە فیرقەی ٢٤ی چوارقوڕنە بوو، بەناو بازاڕ و شەقام و كۆڵانەكانی شارۆچكەكەدا بڵاو بوونەوە و بە زەبری ھێز ڕاپەڕینەكەیان دامركاندەوە."

ئەو دەشڵێت: "لە دەوروبەری كاتژمێر نۆی بەیانی ھەواڵی ئەوە گەیشتە ڕانیە كە گوایە ڕاپەڕینی چوارقوڕنە سەركەوتوو بووە و شارۆچكەكە ئازاد كراوە، ھەربۆیە دانیشتووانی ڕانیە ڕادەپەڕن و تا نزیكی نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە شارەكە لە سەرجەم دامودەزگاكانی ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس پاك دەكەنەوە، بۆیە ڕانیە نازناوی دەروازەی ڕاپەڕین و چوارقوڕنەش نازناوی كلیلی دەروازەی ڕاپەڕینی پێ بەخشرا."

محەمەد پەیامێكی ھەیە و دەڵێت: "ھەروەك چۆن بە یەكڕیزی دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین وەدی ھاتن، تەنھیا بە یەكڕیزی و یەكگرتووییش ئەو دەستكەوتانە دەپارێزرێن، ھەربۆیە داواكارم ھەموو لایەنە سیاسییەكان و چینوتوێژەكان دەست لەناو دەست تێ بكۆشین بۆ وەدیھێنانی ئامانجە مەزنەكە، كە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە، ڕیفراندۆم ھەنگاوێكی گەورە و ئاماژەیەكی ڕوونی ئەو ئامانجەیە، ئەو پەیامەش تا دوامەنزڵ درێژەی دەبێت."

دەروازەی ڕاپەڕین

بەھجەت عەلی، گەنجێكی شاری ڕانیەیە،‌ شانازی بەوەوە دەكات كە خەڵكی ئەو شارەیە و دەڵێ: "ھەموو كات كە پرسیارم لێ دەكرێ خەڵكی كام شاری، بە شانازییەوە ئەڵێم ڕانیەی دەروازەی ڕاپەرین، ڕاپەڕین بووە بە ھێمای شارەكەم و بە دەروازەی ڕاپەڕین دەناسرێتەوە، ھەموو كوردستانیش شانازی بەم شارەوە دەكەن كە لانەی بەچكەشێرانە."

بەڵام ئەو گەنجە داخی گرانی بۆ ئەوەیە،‌ لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە پشتگوێ خراوە و كەمترین خزمەتگوزاری بۆ دابین كراوە، ھەروەھا ھەموو مەرجێكی بەپارێزگابوونی تێدایە، كێشە سەرەكییەكانی خەڵكی ڕانیەش كەمیی خزمەتگوزاری و بەپارێزگاكردنیەتی، كە ناوبراو داوا دەكات، سەرجەم خزمەتگوزارییە نیوەچڵكراوەكانیان بۆ تەواو بكرێن و چیتر پرسی بەپارێزگابوونی ڕانیە دوا نەخرێت، هەروەها داواكاریشە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان خزمەتی زیاتری دەڤەری ڕاپەڕین بكات كە لە ئاست ناوبانگ و پێگە و مافی دانیشتووانەكەیدا بێت
kdp-
Top