سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان لەپێناو پرسی کورد واژۆ لەسەر ڕاگەیاندراوێک ناکا
د. کاوە مەحموود، لە وتارێکدا کە بە ناونیشانی (ھەڵوێست لە شووناس و مەسەلەی نەتەوایەتی لە نێوان چین و حزبە سیاسییەکانی وڵاتانی عەرەبدا) نووسیویەتی دەقی وتارەکەشی بڵاو کردووەتەوە، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە دوای بەشداریکردنیان لە ڕۆژانی ٢٣ی شوبات تا ٢ی ئاداری ٢٠١٩ لە چالاکییەکانی حزبی شیوعیی چین لە چوارچێوەی شاندێکی وڵاتانی (مەغریب، تونس، میسر، ئەردەن، فەلەستین، لوبنان، عێراق و ھەرێمی کوردستان)، بڕیار بووە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش دەربکەن، بەڵام هەرچەندە ئەندامانی شاندەکە ”خۆشحاڵیی خۆیان سەبارەت بە یەکسانیی نەتەوەکان و یەکتر قەبووڵکردنیان و ژیانی ھاوبەش دەربڕی“وە، کەچی کاتێک بەنیازبوون ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش لەبارەی سەردانەکە و هەلومەرجی سیاسیی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو بکەنەوە، پرسی کورد و بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریان لە ڕاگەیاندراوەکەدا پشتگوێ خستووە.
کاوە مەحموود دەڵێت: ”کە ڕەشنووسەکەم بینی، کارم بۆ کورتکردنەوە و رێکخستنی کرد و سێ بابەتی گرنگم خستە سەری. یەکەمیان: پشتگیریکردنی مافی ڕەوای گەلی کوردستان. دووەمیان: رووبەرروبونەوەی تیرۆر. سییەمیان: پشتگیریکردنی داواکاری گەلانی ناوچەکە بۆ ئازادی و دیموکراسی. تاکە مەرجی منیش وەک حزبی شیوعی کوردستان بۆ دانانی ئیمزای حزب لە سەر ئەم بەیاننامەیە، ئەوە بوو کە ئەگەر ئاماژە بە تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناوی مافەکانیدا نەکرێ، ئەوا ئیمزای حزب لەسەر ئەو بەیاننامەیە ناکەم. چوار لایەنی سیاسی پشتگیری منیان کرد“.
ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە کاتێک لە گرووپی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی شاندەکەدا لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت، دەقی نوێی پرۆژەکەی بینیوە، تێکرای تێبینییەکانی ئەویان لەبەرچاو گرتووە، تەنیا پشتگیریکردنی تێکۆشانی گەلی کوردستانیان پشتگوێ خستووە. ڕوونیشی کردووەتەوە: ”ڕاستەوخۆ داوام کرد کە ناوی حزبمان لەسەر بەیاننامەکە نەبێ و گلەییەکی زۆرم لە سەرجەم وەفەکە کرد، گوتم: دیارە بە پێچەوانەوە سوودتان لە ئەزمونی ھاورێیانی حزبی شیوعی چینی وەرگرتوە“.
سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان ڕای گەیاندووە کە کاتێک دیداری لەگەڵ شاندەکە کردووە، پێی گوتوون کە ”هەمووتان داوامان لێ دەکەن پشتگیری لە خەباتی گەلی ئێوە بکەین، بەڵام ھیچ کەس لە حزبەکانی ئێوە ئامادە نین نەک پشتگیریمان بکەن، تەنانەت ئامادەنین ھاوسۆزی سەبارەت بەو نەھاماتییانەی کە دووچاری گەلەکەمان بووەتەوە، دەڕببڕن، جا نازانم چۆن رووتان دێ داوا لە ئێمە دەکەن کە پشتگیریتان بکەین!“.
باسنيوز
