داوا دەکرێ حکوومەتی عێراق کار بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی پیشمەرگە دیلەکان بکا
دیاری حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمبارەوە گوتی: "ئەو کاتەی داعش لە مووسڵ و شوێنەکانی دیکە تێک شکێندرا، لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانەوە داوا لە حکوومەتی عێراق کراوە کە چارەنووسی پێشمەرگە دیلەکان ئاشکرا بکەن“.
جەختیشی کردەوە، دەبێ بزانین کە شوێنی ئەم پێشمەرگە دیلانە لە کوێیە و لای کێن؟ چونکە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بەدواداچوونیان لەو بارەوە کردووە و داواکاریشان داوەتە بەغدا.
دیاری حوسێن ڕوونی کردەوە: ”چاوەڕوانیی زیاترمان لە کابینەی عادل عەبدولمەھدی ھەیە کە چارەنووسی پێشمەرگە دیلەکانمان بۆ یەکلا بکاتەوە، چونکە داعش نەماوە و ئەگەر شتێک لەو بارەوە ھەبێت، وەک دیل رەنگە لای ئەوان بێت". دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن خۆیانەوە لەمبارەیەوە درێخی ناکەن.
ساڵی دوای ٢٠١٤ە و لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی داعش بۆ سەر کوردستان، لە چەند شوێنێکدا ژمارەیەک پێشمەرگە وەک دیل کەوتنە دەست داعش، ژمارەیەکیشیان لە کاتی ئاساییدا و لە بارودۆخی جیاوازدا لەلایەن داعشەوە گیران و دوای ئاشکرابوونی ناسنامەیان کە پێشمەرگەن، شوێنبزر کران.
باسنيوز
