ئەمریکا بەڵێنی وەبەرھێنان لە هەولێر دەدات

ئەمریکا بەڵێنی وەبەرھێنان لە هەولێر دەدات
بەرێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە کۆبوونەوەیان لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کردووە و ئەوان رایان گەیاندووە کە وەبەرھێنان لە کوردستاندا دەکەن.

سامان عارەب، بەرێوەبەری گشتیی وەبەرھێنان لە ھەولێر ڕايگەیاند، دوای ئەوەی ئاگاداری سەرجەم وەبەرھێنەرانیان کردووەتەوە کە دەست بە پرۆژەکانیان بکەنەوە، بەشێکیان دەستیان بە پرۆژەکان کردووەتەوە و بەشێکیشیان بە پاساوی یاسایی، پرۆژەکانیان راگرتووە. گوتیشی: ”ھەر وەبەرھێنەرێک پابەند نەبێت، مۆڵەتەکانیان لە سنووری پارێزگای ھەولێر هەڵدەوەشێتەوە، ٧٠ وەبەرھێنەر ئاگادار کراونەتەوە لە %٨٠ی دەستیان بەکار کردووەتەوە، بەشێکیان مۆڵەتیان ھەڵوەشاوەتەوە".

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کۆمەڵێک وەبەرھێنەر پرۆژەی ستراتیژییان پیشکەش کردووە کە خۆی لە پرۆژەکانی پیشەسازی و تەندروستی و گەشتیاری دەبینێتەوە، ”ئەولەویەتی حکوومەتیش پرۆژەی پیشەسازییە".

راشی گەیاند: ”بە بەراورد بە پرۆژەکانی ساڵی ٢٠١٧، لەساڵی ٢٠١٨دا لە ٢٠٠٪ (واتە لە سەدا دووسەد) مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنان زیادی کردووە، بۆیە ساڵی ٢٠١٩ باشترین ساڵ دەبێت بەبەراوردی لەگەڵ دووساڵی رابردوو“.

لەبارەی وەبەرهێنانی بیانیش، سامان عارەب ئاشکرای کرد، بەپێی پرۆپۆزەڵ، بەشێک لە وەبەرھێنەرانی سعوودی و کوێتی و ئەورووپی، ”زانیاریمان پێداون کە دەیانەوێت وەبەرھێنان بکەن“. گوتیشی: ”لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەمان کردووە، بەڵێنیان داوە لە کوردستان وەبەرھێنان بکەن“.











باسنيوز
Top