فراکسیۆنی پارتی: بە گیانی سەردەمی راپەڕین بەرگریی لە ئامانجەکانمان دەکەین
لە پەیامێکدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 5-3-2019 بەبۆنەی 28ـەم ساڵیادی راپەڕینی بەهاری 1991 بڵاوی کردووەتەوە، فراکسیۆنی پارتی پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکات.
فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەمساڵ ساڵیادی راپەڕینی شکۆداری گەلی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ رێککەوتنی پارتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەوڵەکانی دامەزراندنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە یەکێکە لە دەستکەوتەکانی راپەڕین.
فراکسیۆنی پارتی بەپێویستی دەزانێ هەموو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بە یەکدەنگی رووبەڕووی مەترسییەکان ببنەوە و بۆ بونیاتنانی کوردستانێکی بەهێز و دیموکراسی، کار لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانی راپەڕین بکەن.
فراکسیۆنی پارتی ستایشی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و جەماوەری راپەڕیوی گەلی کوردستان دەکات و بەڵێن بە گەلی کوردستان دەدات، کە لە پەرلەمانەوە ئامانجەکانی راپەڕین بە یاسا بکەن و بە گیانی سەردەمی راپەڕین، بەرگریی لە ئامانجەکانی گەلی کوردستان بکات.
باسنیوز
