کرمانج عزەت قایمقامی سۆران: فەرمانگەی دەرهێنانی پاسپۆرت لە سۆران دەکرێتەوە
کرمانج عزەت قایمقامی سۆران راگەیاند : بۆ زیاتر خزمەتی ھاووڵاتیانی دەڤەری سۆران، بە ھەر چوار قەزای سۆران و ڕواندز و مێرگەسۆر و چۆمانەوە، دوای ھەوڵ و بەدواداچوونێکی زۆری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی هەولێر، ئەمڕۆ لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە پێمڕاگەیاندرا کە لە بەغداوە ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرت لە شاری سۆران وەرگیراوە".
قایمقامی سۆران گوتیشی "ئێستە ئەرکی ئێمەیە ئامادەکاری تەواو بکەین و شوێن دابین دەکەین، لە هەفتەی داهاتوودا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاسپۆرتی هەولێر بە بەغدای ڕادەگەیەنێت کە ئیدارەی سۆران ئامادەکاری کردووە و دەتوانن دەست بە کارەکانیان بکەن".
سەبارەت بە وادەی دەستپێکردنی ئیش و کارەکانی فەرمانگەکە و راییکردنی ئیشوکاری خەڵک لە سۆران، کرمانج عزەت گوتی "ئێمە لە نزیکترین کاتدا ئامادەکاری تەواو دەکەین، دواتر دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار بە کارەکە بێن و دەست بە ئامادەکاری بکەن بۆ دەستپێکردنی".
باسنيوز
