بە بۆنەی ٢٨ ساڵەی یادی ڕاپەڕینەوە ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە بەشێک لە پەیامەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە: "ڕاپەڕین بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان و سەرجەم پێکھاتە و چین و توێژەکانی، گەورەترین سەرکەوتنی مێژوویی بۆ گەلەکەمان تۆمار کرد. ھەر بەو یەکڕیزی و گیانی خۆڕاگرییە بوو کە لە پاش ڕاپەڕینەوە تا ئێستا ھەرێمی کوردستان چەندین پیلانی شەڕانگێزانەی تیرۆریستان و ناحەزانی لە گۆڕ ناوە و چەندین ئاستەنگ و قەیرانی نەخوازراوی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە".
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
جەماوەری سەربەرز و خۆڕاگری کوردستان،
ئەمڕۆ بیست و ھەشت ساڵ بەسەر ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئازاری ١٩٩١دا تێدەپەڕێت. بەم بۆنە شکۆدارەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم کوردستانیانی ئازیز بە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانییەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەکەین.
ڕاپەڕین کە دەنگ و ئیرادەی گەلی کوردستان بوو بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم و خۆسەپاندن بەسەر خواست و چارەنووسیدا، بە قوربانیدان و ماندووبوونی گەل و بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان و سەرجەم پێکھاتە و چین و توێژەکانی، گەورەترین سەرکەوتنی مێژوویی بۆ گەلەکەمان تۆمار کرد. ھەر بەو یەکڕیزی و گیانی خۆڕاگرییە بوو کە لە پاش ڕاپەڕینەوە تا ئێستا ھەرێمی کوردستان چەندین پیلانی شەڕانگێزانەی تیرۆریستان و ناحەزانی لە گۆڕ ناوە و چەندین ئاستەنگ و قەیرانی نەخوازراوی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە.
کوردستانیانی ئازیز،
خەبات و خۆراگریی ئێوە بۆ ھێنانەدیی ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە و دنیایەکی شارستانیی پڕ لە ئارامی و لێبوردەیی و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بووە. ژیانێک کە شایانی مێژووی دێرینی قوربانیدان و ماندووبوونی گەلە ستەمدیدەکەمان بێت لە قۆناغە جیاکانی خەبات و تێکۆشانی ئاشتیخوازانەیدا. خواستە ڕەوا و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە عێراقی فیدراڵدا مافی سروشتی و دادپەروەرانەی خۆیەتی. عێراقێکی سەقامگیر و گەلێکی خۆشگوزەران زادەی سیستمێکی تەندروستی دیموکراسی و فیدراڵییە کە تیایدا دەستوور ڕێزلێگیراو بێت و ھاوبەشیی ڕاستەقینە و مافی ڕەوای ھەموو پێکھاتەکانی تێدا فەراھەم بێت.
کوردستانیانی خۆشەویست،
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زادەی ئیرادەی نیشتیمانیی گەلی کوردستانە بە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانییەوە و یەکێکە لە دەسکەوتە بەھادارەکانی ڕاپەڕین، پاراستن و پتەوکردنیشی ئەرک و بەرپرسیارییەتیی سەرجەم لایەن و چین و توێژەکانی گەلەکەمانە. ئەم ئەرکە ئەمڕۆ لە ھەر کاتێک زیاتر لێکگەیشتن و تەبایی و یەکڕیزیی زیاتر لە ھەموو لایەنە کوردستانییەکان دەخوازێت.
دڵنیاین ھیممەتی دڵسۆزانە و ھەستی بەرپرسیارییەتیی لایەنەکان لە ئاستی ئەم ئەرکە مێژووییەدا دەبن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و پتەوترکردنی بنەما و پایەکانی کوردستانێکی بەھێز، وەک وەفایەک بۆ خوێنی شەھیدە قارەمانەکان و مێژووی پڕ لە قوربانی و سەروەریی گەلەکەمان و لەپێناو سەقامگیری، گەشەپێدانی ھەرێمی کوردستان، ژیانێکی سەربەرزانە، خۆشگوزەرانی، بەدەستھێنان و پاراستنی مافەکان بۆ کوردستانیان و ئایندەیەکی گەش بۆ ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان و نەوەکانی داھاتوومان.
بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزنی ئازاری ١٩٩١.
دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەھیدانی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
٥/٣/٢٠١٩
