ئەمڕۆ لە ڕانیە چالاکیی یادەکانی ڕاپەڕین و ئادار دەست پێدەکەن
بەپێی زانیارییەکان ئەوپەڕی هەوڵ دراوە لە ڕێوڕەسمەکەی ئەمڕۆ سێشەممە 2019.3.5 دوور بێت لە بۆنەی حزبی و بەرگێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بە بەردا بکرێت و زیاتر جەخت لەسەر یەکڕیزیی نیشتمانی و بەشداریی جەماوەری دڵسۆزی کوردستان لەو یادە مەزنەدا دەکرێتەوە.
یادەکە لە مۆنۆمێنتی ڕاپەڕین بەرێوە دەچێت و بڕیارە کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام بدرێن و وەک دەسپێکی چالاکییەکانی یادی ئەمساڵی ڕاپەڕین لەقەڵەم دەدرێت یەکەم بڕگەش دانانی تاجەگوڵینەیە لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی ڕاپەڕین.
پاشان چەندین چالاکیی وەک: "هونەری، وەرزشی و ئەدەبی و شانۆ و پیشاندانی فیلمی دیکیۆمێنتاری و کردنەوەی پیشانگەی شەهیدانی ڕاپەڕین و سازکردنی کۆنسێرت بۆ چەند هونەرمەندێک".
بڕیارە سبەینێ بەشێکی ئەم چالاکییانە سبەینێ چوارشەممە 2019.3.6 وەک دووەم ڕۆژی دەسپێکی ڕاپەڕین بەڕێوە بچن.
ماوەی 28 ساڵە و دوای ڕاپەڕینی بەشکۆی باشووری کوردستان لە ساڵی 1991 هەموو ساڵێک لە ڕێکەوتی 3/5ەوە تاکوو 3/21 و ڕۆژی نەورۆز کە تێیدا سەرجەم شار و شارۆچکە و گوندەکانی باشووری کوردستان لە ئاسەوارەکی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس پاک کرانەوە، خەڵکی بەشکۆوە یادی بۆنەکانی ئادار و ڕاپەڕین و نەوروز دەکەنەوە و وەک دەسپێکی قۆناغیکی گرنگ و چارەنووسساز لە دیرۆکی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی وکردستاندا پێناسەی دەکەن.
باسنيوز
