پارتی و یەکێتی کۆمسیۆنێک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان پێک دەھێنن

 پارتی و یەکێتی کۆمسیۆنێک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان پێک دەھێنن
پارتی و یەکێتی، کۆمسیۆنێک بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکەی نێوانیان پێکدەھێنن و یەکەم ھەنگاوی ڕێککەوتنەکەشیان لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەبێت، کە کاندیدی یەکێتی دەکرێتە سەرۆکی پەرلەمان و یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم ھەموار دەکرێتەوە و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت، دواتر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کاندیدی براوەی یەکەم، (کە پارتی دیموکراتی کوردستانە لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٣٠-٩ی ساڵی رابردوو، بە بەدەستھێنانی ٤٥ کورسی لە پەرلەمانی کوردستان)، بۆ پێکھێنانی حکوومەت لە ماوەی ٣٠ رۆژدا ڕادەسپێرێت.



دوێنێ دووشەممە، پارتی و یەکێتی رێککەوتنێکی سیاسیی نوێیان واژۆ کرد، کە رێککەوتنەکە شوێنی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوانیان دەگرێتەوە، کە لەسەر پرەنسیپی ھاوبەش و کاری پێکەوەییان لە ھەولێر و بەغدا رێک کەوتوون.



پێش ئەو رێککەوتنەی پارتی و یەکێتی، پارتی و گۆڕان لەبارەی پێکھێنانی حکوومەت و کاری کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێککەوتنیان واژۆ کرد، بەپێی رێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕان، یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ھەموار دەکرێتەوە و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەناو پەرلەمانی کوردستان، تاوەکوو یەکلابوونەوەی دەستوور، ھەڵدەبژێردرێت.



بەپێی زانیارییەکانی(باس)، کە لە سەرچاوەی ئاگەدار لە رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی پێی دراوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، ھاوڕای ئەو خاڵەی ڕێککەوتنەکەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بووە.



سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، پارتی و یەکێتی رێک کەوتوون، سەرەتا پرسی پێکھێنانی حکوومەت و پڕکردنەوەی پۆستەکان لەم کابینە نوێیەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕ بکەنەوە، دواتر بە ھاوبەشی، لە ڕێگەی ئەو کۆمسیۆنە تایبەتەی کە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان لەم چەند رۆژەدا پێکی دەھێنن، خاڵەکانی رێککەوتنەکەیان پەیوەست بە پرسی کەرکووک و کاری پێکەوەیی لە بەغدا، جێبەجێ بکەن.



بەپێی زانیارییەکانی ئەم سەرچاوە ئاگەدارە، یەکەم ھەنگاوی رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی، لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەبێت و فراکسیۆنی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان دەگەڕێتەوە و کاندیدەکانی بۆ پۆستە وەزارییەکان، لەسەر بنەمای رێککەوتن لەسەر کاری ھاوبەش لەگەڵ پارتی ئامادە دەکات. لەو چوارچێوەیەدا، وا بڕیارە یەکێتی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێتەوە و کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ھەر لەم ھەفتەیەدا یەکلا بکاتەوە.



بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ھەر یەک لە د.ڕێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانی، تاوەکوو ئێستا لە کاندیدبوونیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ماونەتەوە، کە وا بڕیارە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا یەکێکیان یەکلا بکاتەوە.



سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی، سەرەتا کاندیدە یەکلابووەوەکەی یەکێتی دەکرێتە سەرۆکی پەرلەمان و یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم ھەموار دەکرێتەوە، ھاوکات سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت، کە کاندیدی پارتی بۆ ئەو پۆستە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئێستای حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، دواتریش، لە کۆتاییەکانی ھەفتەی داھاتوو، ئەگەری زۆرە سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ھەرێمی کوردستان، کاندیدی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە و لەلایەن پارتییەوە مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان کاندید کراوە، بۆ پێکھێنانی کابینە نوێیەکە رابسپێرێت، کە ماوەی ٣٠ رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دیاریکردنی پۆستە وەزارییەکان، کە لەناو پەرلەمانی کوردستان متمانەی یاساییان پێ دەدرێت.



ھەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، تەنیا یەک ماددە لە یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ھەموار دەکرێتەوە و بۆ ئەوەش پارتی و یەکێتی و گۆڕان رێککەوتنیان لەبارەیەوە کردووە.



ھاوکات، (باس) زانیویەتی، بەپێی رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی بابەتی پارێزگاری کەرکووک و یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە بۆ سەرۆک بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی ھێشتراوەتەوە، کە بەیەکەوە بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدەن.



ھەر بەپێی زانیارییەکان، لە دانیشتنەکەی دوێنێی پارتی و یەکێتی باس لە دابەشکاریی پۆستەکان نەکراوە، تەنیا رێککەوتن لەسەر پرەنسیپەکانی کاری ھاوبەش و پێکەوەیی بۆ چوار ساڵی داھاتوو کراوە.



لەم بارەیەوە، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، پارتی رێککەوتن لەگەڵ ھیچ لایەنێک ناکات، ئەگەر لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا نەبێت، گوتی: “ئەو رێککەوتنەی پارتی لەگەڵ گۆڕان کردی، لەگەڵ ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ یەکێتی دوێنێ واژۆی کرد، بەدڵنیاییەوە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە و بۆ کاری ھاوبەش و پێکەوەییە کە دواجار بە قازانجی خەڵکی کوردستان دەبێت”.



ئەو سەرکردەیەی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، رێککەوتنی پارتی و یەکێتی گرنگیی خۆی دەبێت و بارودۆخی کوردستان بەرەو سەقامگیری و ئارامی دەبات.



لای خۆشیانەوە، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، بەپێی رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی، ھەردوولا کۆمسیۆنێکی ھاوبەش بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکان پێکدەھێنن و بێ گومان رێککەوتنی ئەو دوو ھێزە، کاریگەریی گەورەی دەبێت بۆ باشبوونی زیاتری ژیانی خەڵکی کوردستان، گوتی: “لە رابردوودا، لە شەستەکانەوە تاوەکوو شەڕی ناوخۆ و ھەموو ناکۆکییەکان، دواجار ھەر رێککەوتنی لە دوا بووە و پەشیمانیی ئەو ماوەیەی تیادا بووە، کە دۆخەکە ئاڵۆز بووە، چونکە ئەگەر سەیری ئەو وڵاتانە بکەین، کە شەڕیان تیایە و ناکۆکیی ھەیە، بزانن چۆن وێران بوون، ئەوانەیشی بە ئاشتی و رێککەوتن دەژین گەیشتوونەتە چ قۆناغێک، جگە لەوەش، کوردستان لە دۆخێکدایە ھەر چواردەورەی وەکوو ئاگرە و ھەموو کات لەبارە بۆ شەڕ، کە پڕووشکەکەی بەر ئێمەش بکەوێ، لەبەرئەوە ئەگەر ناکۆکی و ناتەبایی ھەبێت، ئەوە دەستوەردانیش لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بۆ ناوخۆی کوردستان زیاتر دەبێت، بەڵام بە یەکگرتووییمان دوژمنان ھیچیان بۆ ناکرێت، کە ھەر دوێنێ بوو داعش و حەشدی شەعبی شەڕیان پێ فرۆشتین”.



ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، جەختی لەوەش کردەوە، ئەو رێککەوتنەی ئەمجارەی نێوانیان لەگەڵ پارتی، قورسایی رێککەوتنی ستراتیژیی ھەیە، چونکە لە ئاستی باڵا واژۆی لەسەر کراوە، گوتی: “دەستکەوتەکانی رێککەوتنی ستراتیژیی پارتی و یەکێتی ناژمێردرێن، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنەش جێبەجێ بکرێت، ئەوا کوردستان قۆناغێکی دیکەش دەچێتە پێشەوە”.



لەبارەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانیش، جەلال محەمەد ئەمین، پەرلەمانتاری گۆڕان لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، رێککەوتنی پارتی و گۆڕان بەو شێوەیەیە، کە ئەو ماددەیە لە یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ھەموار بکرێتەوە، کە باس لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکات لەناو خەڵکەوە بۆ ناو پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: “ئێمە وەکوو گۆڕان پڕۆژەمان بۆ ھەمواری یاساکە ھەیە و فراکسیۆنی پارتییش پڕۆژەی ھەیە، ھەردوو پڕۆژەکەم بینیوە و خاڵی ناکۆکییان نییە، لەبەرئەوەی رێککەوتنمان ھەیە و ئێمەش پابەندین بە رێککەوتنی گۆڕان لەگەڵ پارتی، ئەگەری زۆرە پڕۆژەیەکی ھاوبەشمان بۆ ئەو بابەتە ھەبێت و ھەموارکردنەوەکە تەنیا لەو ماددەیەدا دەبێت کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەناو پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت، تاوەکوو یەکلابوونەوەی دەستووری کوردستان”.



ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، جەختی لەوەش کردەوە، ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم بە زۆرینەی پەرلەمان دەبێت، گوتی: “بەپێی پڕۆژەکان، زۆرینەی پەرلەمان کە ٥٦ پەرلەمان دەکات، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵدەبژێرن، واتا بە پەنجا کۆ یەکی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا، تێبینی ھەیە بۆ ئەوەی سەرۆکی ھەرێم بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمان یەکلا بکرێتەوە، تاوەکوو دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بە سەرۆکی ھەرێم بدرێت”.



جێی باسە، یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە ٢٣ ماددە پێکھاتووە و بەو پێیەش بێت، ھەموارکردنەکە تەنیا لە ماددەی ٢ی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی سەرۆکایەتیی ھەرێم دەبێت، کە دەسەڵات دەدات بە پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێرێت.






باسنیوز
Top