هیوا گەیلانی: سەركەوتنی ڕاپەڕین وانەی زۆری تێدایه‌.. ده‌روازه‌ پشتگوێ خراوە

هیوا گەیلانی: سەركەوتنی ڕاپەڕین وانەی زۆری تێدایه‌.. ده‌روازه‌ پشتگوێ خراوە
- رۆژی 5-3-1991 ڕاپەڕین لە شاری ڕانیە كڵپەی سەند و پاشان هەموو شار و شارۆچكەكانی گرتەوە، بەرپرسی لقی 11ی پارتییش رایدەگەیەنێت، ڕاپەڕین وانەی زۆری تێدا بوو، بە تایبەت نهێنیی سەركەوتنی ڕاپەڕین، یەكگرتوویی و یەكڕیزیی هێزەكانی كوردستان بوو، كە خۆیان لە چوارچێوەی بەرەی كوردستانیدا دەبینییەوە.

سبەی 28 ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی شاری ڕانیەدا تێدەپەڕێ، كە لە 5-3-1991 سەری هەڵدا و دواتر هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستانی گرتەوە.

هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی 11ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، سبەی ساڵیادی ڕاپەڕین لە كاتژمێر 8:30 لە مۆنۆمێنتی شاری ڕانیە بەڕێوە دەچێت،‌ كە تێیدا تاجەگوڵینە لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان دادەنرێ و لە چەندین شوێنی تریش ئەو یادە دەكرێتەوە. "نەمانهێشتووە یادی ڕاپەڕین بە حیزبی بكرێت، ئەمساڵ لیژنەیەك‌ لە ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ مەراسیمەكە پێك هاتووە"‌.

گەیلانی دەشڵێت: "وەك لقی 11ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕانیە بەیاننامەیەكمان بڵاو كردووەتەوە، كە تێیدا پەیامی خۆمان لە 28ـەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕیندا خستووەتە ڕوو، چونكە ڕاپەڕین وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو، كە بەرەنجامی زوڵم و زۆریی دەیان ساڵەی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی حكوومەتی عێراقی بوو، هەروەها لێكەوتە و زادەی خەبات و تێكۆشانی هەموو شۆڕشەكانی كورد بوو".

ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات، كە ‌سەرۆك بارزانی ئەوكات سەرۆكی بەرەی كوردستانی بوو و قیادەی ڕاپەڕینی كردووە، ڕاپەڕینیش وانەی زۆری تێدا بوو، بە تایبەت نهێنیی سەركەوتنی ڕاپەڕین، یەكگرتوویی و یەكڕیزیی هێزەكانی كوردستان بوو، كە خۆیان لە چوارچێوەی بەرەی كوردستانیدا دەبینییەوە.

بەرپرسی لقی 11 دەشڵێ، دەڤەری ڕاپەڕین هەمیشە لانكی شۆڕش و سەرهەڵدانی خەبات بووە، بەڵام لە رووی ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەوە دەڤەرەكە پشتگوێ خراوە، "بۆیە داوامان لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە ئاوڕێكی جیددی لە دەڤەری ڕاپەڕین بداتەوە".
kdp-
Top