ژووری بازرگانیی دھۆك: جموجووڵی بازرگانی زۆر زیادی كردووە
ئەیاد حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "بەراورد بە ڕابردوو ئاڵوگۆڕ و جموجووڵی بازرگانی ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبووندایە، بەتایبەت دوای یەكخستنی پێناسەی گومرگی لە ھەموو عێراق و ھەرێمی كوردستان و نەمانی خاڵە گومرگییە نایاسایییەكان، چونكە ئێستا لە ھەموو خاڵە گومرگییەكانی سەر سنوور یەك جۆر گومرگ لە خەڵك وەردەگرن و ھیچ جیاوازییەك لە نێوان گومرگەكاندا نییە، كە ئەمەش كارێكی زۆر باشە و لە بەرژەوەندیی خەڵكدایە".
حەسەن گوتیشی: "ڕاستە ھەندێك كەلوپەل نرخەكەیان بەرز بووەتەوە، بەڵام كەلوپەلێكی زۆریش نرخیان دابەزیوە، كە پێداویستیی ڕۆژانەی خەڵكن، بۆیە بە شێوەیەكی گشتی، بازرگانان زۆر لە شێوازی نوێی گومرگی ڕازین و كێشەیان لەگەڵیدا نییە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ئێستا خاڵە گومرگییە نایاسایییەكانیش نەماون و بازرگانان بە ئارەزووی خۆیان كەلوپەل بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق ڕەوانە دەكەن، ئەمەش ئاستێكی زۆر باشی تۆمار كردووە، بۆیە بە گشتی ڕەوشی بازرگانی بەردەوام لە باشبوون و زیادبووندایە."
kdp-
