چاودێرێکی سیاسی: پێویستە ھەنگاوەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەت خێراتر بکرێن

چاودێرێکی سیاسی: پێویستە ھەنگاوەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەت خێراتر بکرێن
پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ چارەکردنی پرسەکانی نێوانیان و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چاودێرێکی سیاسیش پێی وایە پارتی ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و کابینەی نوێ جیاواز دەبێت.

ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر، ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە و بەپێی زانیارییەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر لێکتێگەیشتن ھەیە بۆ چارەکردنی پرسەکان و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکرێت. مەلا ھندرێن، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی، وەک ھێزی یەکەم و براوەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئەرکی خۆی بۆ چارەکردنی کێشەکان و پڕۆسەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت جێبەجێ کردووە."

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێویستە پەلە بکرێت بۆ ئەوەی خێرا کابینەی نوێی حکوومەت پێک بێت و چیتر پڕۆسەکە دوا نەخرێت، چونکە تا پێکھێنانی حکوومەت دوا بکەوێت زیانی زیاتری بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھەیە، واتە پێکھێنانی کابینەی حکوومەت لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە، پێش ئەوەی لە بەرژەوەندیی لایەنە سیاسییەکان بێت."

مەلا ھندرێن ڕوونی کردەوە: "کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کابینەیەکی جیاواز دەبێت، چونکە لە چوار ساڵی ڕابردوودا قۆناغێکی دژوارمان بەڕێ کرد لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش و قەیرانی دارایی و چەندین پرسی دیکە، ھەروەھا یەکەم کابینەیە دوای پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی دروست دەکرێت، پێم وایە دەبێتە کابینەی ھەستانەوەی ھەرێمی کوردستان بە ھێزێکی زۆر زیاتر لە جاران و ئایندەیەکی گەش بەڕێوەیە."
kdp-
Top