سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیی لە کونسووڵی چین و سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی کرد

سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیی لە کونسووڵی چین و سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی کرد
دووشەممە، ڕێكەوتی ٤/٣/٢٠١٩، د. ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و مونا نەبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، لە نووسینگەی خۆی لە تەلاری پەرلەمان پێشوازیی لە كونسووڵی گشتیی كۆماری میللیی چین لە هەرێمی كوردستان کرد.

لە دیدارەكەدا، نی ڕۆچی، كونسووڵی گشتیی كۆماری میللیی چین بە بۆنەی دەستبەكاربوونیانەوە لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستاندا پیرۆزبایی لە سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان كرد و، بوونی ئافرەتی لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بە بوونی دیموكراسی و یەكسانی لە هەرێمی كوردستاندا لەقەڵەم دا.

هەر لەدیدارەكەدا، نی ڕۆچی، كونسووڵی گشتیی كۆماری چین لە هەرێمی كوردستان پوختەیەك لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كۆماری چین شی كردەوە و ڕایگەیاند: "كۆماری چین خۆشەویستییەكی تایبەتی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان هەیە و پەیوەندییەكی بەهێز و دیرۆكیمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە و دەمانەوێت ئەم پەیوەندییانەمان پەرە پێ بدەین لە ڕووی كاری پەرلەمانیی نێوان هەردوو پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی كۆماری چیندا، هەروەها سەرمایەداران و كۆمپانیاكانی كۆماری چین ئامادەیییان هەیە بێنە عێراق و هەرێمی كوردستان كاری وەبەرهێنان بکەن."

د. ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وێرای بەخێرهێنانی، نی ڕۆچی، كونسووڵی گشتیی كۆماری چین و شاندی یاوەری لە هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆیانی بەم پەیوەندییە بەهێزەی كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری میللیی چیندا هەیە دەبڕی و ڕایگەیاند: "گرینگیی زیاتر بەم پەیوەندییانە دەدەین كە لە نێوانماندا هەیە و كۆماری چین بۆ ئێمە وڵاتیكی بەهێزی پیشەسازی و زانستییە و دەمانەوێت لە گشت بوارێكدا سوود لە ئەزموونی وڵاتی چین وەربگرین و دەخوازین پەیوەندییەكی بەهێزمان لەگەڵ پەرلەمانی كۆماری چین هەبێت و پەرلەمانی كوردستان ئێستا خەریكی دانانی لیژنەكانی تری پەرلەمانین و دوای تەواوبوونی لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە پەیوەندیدا دەبین بۆ ئەوەی لیژنە هەمیشەیییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان و یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستاندا سوود لە ئەزموونی كۆماری چین و پەرلەمانی چین وەربگرن."

هەر ئەمڕۆ  دووشەممە رێكەوتی ٤/٣/٢٠١٩، د.ڤالا فەرید ابراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی  هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و مونا نەبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ، لەنووسینگەی خۆی لە تەلاری پەرلەمان پێشوازیی د. خالید چاوشلی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەریان كرد.

لەدیدارێكدا د.خالید چاوشلی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان دوایی پیرۆزبایی لە دەستەی هەڵبژێردراوی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان  كورتەیەك لە كاروبارەكانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان خستەڕوو ، ئاماژەی بەم هەنگاوانەكرد كە چاودێری دارایی لەماوەی ڕابردوو ئەنجامی و لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و  لەبەدواداچوونەكانیان بەردەوام دەبن و بەهاوكاری و هەماهەنگی پەرلەمانی كوردستان.

لای خۆشیەوە د. ڤالاَ فەرید سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وێرای بەخێرهێنانی سەرۆكی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەرییان رایگەیاند: پەرلەمانی كوردستان هاوكارو هەماهەنگ و پشتیوانی دامەزراوەیەكی وەك چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان دەكات و رێگەنادەین هیچ كەس و لایەنێك رێگری بكەن لەكارەكانی چاودێری دارایی بۆ ئەم مەبەستە و پشتیوانتان دەبین لە رووی یاساییەو و هەموو هاوكارییەكتان دەكەین.
kdp-
Top