د. به‌شیر حه‌داد داخوازیی دانیشتووانی گوێڕ و دیبه‌گه ده‌گه‌یەنێته به‌غدا
د. به‌شیر ئاماژه‌ی دا به‌و بوودجه‌یه‌ی كه بۆ پارێزگای نه‌ینه‌وا ته‌رخان كراوه و ڕایگه‌یاند: "له بوودجه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌دا بڕی پێنج ملیار دینار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگای نێوان هه‌ولێر_گوێڕ ته‌رخان كراوه، هه‌روه‌ها بوودجه بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامێكی ناو شارۆچكه‌ی گوێڕیش لهبوودجهی ساڵی ٢٠١٩ی پارێزگای نه‌ینه‌وادا ته‌رخان كراوه."
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڵێنی دا قسه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تیش پارێزگاری هه‌ولێر بكات بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌شدار بێت له جێبه‌جێكردنی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانی گوێڕدا.
به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر گرنگیی ناوچه‌كه، كه به درێژاییی مێژوو مەیدانی به‌رخۆدان بووه به‌رانبه‌ر بە زوڵم و زۆر.
مه‌سعوود نووری، به‌ڕێوەبه‌ری ناحیه‌ی گوێڕیش سوپاسی سه‌ردانه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و په‌رله‌مانتارانی یاوه‌ری كرد و، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه پارێزگاری نه‌ینه‌وا به‌پێی پێویست هاوكاریی پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانی گوێڕی نه‌كردووه، ئه‌وه‌ی كراوه له ڕێگای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگای هه‌ولێره‌وه كراوه.
هه‌ر له چواچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، سه‌ردانی كه‌مپی ئاواره‌كانی دیبه‌گه‌ی كرد بۆ ئەوەی له نزیكه‌وه ئاگادار بێت له كێشه و گرفته‌كانیان. به‌رێوەبه‌ری ئیداره‌ی كه‌مپی دیبه‌گه ئاماژه‌ی به كه‌موكووڕی و پێداویستییه‌كانی كه‌مپه‌كه كرد و سوپاس و پێزانینی خۆیانی، به ناوی ئیداره‌ی كه‌مپه‌كه و ئاواره‌كانی ناو كهمپهكهوە گه‌یانده د. به‌شیر حه‌داد بۆ ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه پێشتر گه‌یاندوویانه‌ته كه‌مپی دیبه‌گه.
دكتۆر به‌شیر حه‌داد هه‌ندێك پێداویستیی ڕۆژانه‌ی به‌سه‌ر دانیشتووانی كه‌مپه‌كه‌دا دابه‌ش كرد و به‌ڵێنیشی به ئیداره‌ی كه‌مپه‌كه و ئاواره‌كانی ناو كه‌مپه‌كه دا، كه داخوازییه‌كانیان بگه‌یەنێته لایه‌نی جێبه‌جێكار.
kdp-
