ڕێكخراوێكی مافی مرۆڤی ئێزدی بانگەوازێك بڵاودەكاتەوە
لەو بانگەوازەدا هاتووە ئەوان بەردەوامن لە چاودێریكردنی دۆخی كچانی ئێزدی ڕزگاركراوی دەست ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، بۆیان دەركەوتووە تەواوی ئەم كچانە پێویستیان بە ڕاهێنانەوەی دەروونی هەیە و پێویستە چاودێرییەكی وردی دەروونی بەردەوامیان بكرێت.
ڕێكخراوی (ڕۆژا شنگال) بۆ مافی مرۆڤ ئەوەشی باس كردووە كە زۆرینەی ڕەهای كچانی ڕزگاركراوی دەست داعش تووشی نەخۆشی جەستەیی و نەخۆشی ژنان و نەخۆشی پێست بوونە، سەرباری شێواندنی رووخسار و جەستەیان.
ڕێكخراوەكە باسی لەوە كردووە ئەم كچانە هیچ سەرچاوەیەكی داهاتیان نیە، بنەماڵەكانیشیان چەند ساڵە لە خێوەتگەكانی پەنابەراندا بە هەژاری دەژین، بەم هۆیەوە توانای سەردانیكردنی نەخۆشخانەكان و پزیشكەكانیان نیە، بۆیە دەبێ بە زووترین فریاگوزاری تەندروستیان بگەیەندرێتێ.
لەوەتەی ساڵی 2014 و هێرشی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر شنگال و دەشتی نەینەوا و ناوچەكانی سنووری ئێزدی، چەكدارانی ڕێكخراوە تیرۆریستیەكان چەند هەزار كچ و منداڵی كوردی ئێزدیان رفاند، دوای لەناوبردنی داعش لە 2017وە سەدان كچی ئێزدی رزگار كران.
باسنيوز
