گەورەترین کۆمەڵگای پەروەردەیی لە سنووری خەبات لەلایەن رێکخراوێکی کۆرییەوە دروست کرا

گەورەترین کۆمەڵگای پەروەردەیی لە سنووری خەبات لەلایەن رێکخراوێکی کۆرییەوە دروست کرا
لە مەراسیمێکدا باڵاخانەی قوتابخانەی نموونەیی خەبات کە گەورەترین کۆمەڵگەی پەروەردەیی سنووری شارۆچکەی خەباتە، کرایەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی ئاداری ٢٠١٩ و لە مەراسیمێکدا کە هەریەک لە پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، هەروەها کونسوڵی کۆریای باشوور و بەرپرسی ڕێکخراوی کۆیکا، عومەر حەمەد برایم، بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئیداری و سیاسی ئامادەی بوون، قوتابخانەی نموونەیی خەبات کرایەوە کە لەسەر ڕووبەرێکی فراوانی زەوی و بە گوژمەی ٩ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلار لەسەر ئەرکی ڕێکخراوی کۆیکا لە شارەدێی ڕزگاریی سەر بە شارۆچکەی خەبات درووست کراوە.

لە مەراسیمەکەدا وەزیری پەروەردە و دواتر پارێزگاری هەولێر و کونسوڵی کۆریای باشوور، باسیان لە گرنگیی بایەخدان بە بواری پەروەردە و ئەزموونی کۆریای باشوور لەمبارەیەوە کرد. هاوکات جەختیان لەسەر هاوکاری و هەماهەنگیی ئەو وڵاتە بۆ زیاتر پێشخستنی کەرتی خوێندن لە کوردستان کرد.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، کونسوڵی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان، نمایشێکی کەلتووریی وڵاتەکەی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. پاشان هەر لە ناحیەی ڕزگاری، باڵاخانەی قوتابخانەی شنەبای بنەڕەتی کرایەوە کە لەلایەن ڕێکخراوی (شنەبا)ی یابانییەوە درووست کراوە.










باسنيوز
Top