دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات

 دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەکات.

بەپێی زانیارییەکان کە لە دیوانی وەزارەتی داراییەوە دەستی کەوتووە، ھەرچەندە مانگانە لە ڕۆژی ٥ی مانگ دابەشکردنی مووچە دەست پێ دەکات، بەڵام بەھۆی ئەوەی سبەی سێشەممە ٥ی ئاداری ٢٠١٩ پشووی فەرمییە لە دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان، دابەشکردنی مووچە ڕۆژێک دوادەکەوێت.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ٣ی ٢٠١٩، مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت و بە یەک ڕۆژ مووچەی دیوان و لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەدرێت.

ڕوونیشی کردەوە کە ھەر لەم ھەفتەیەدا و ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ئادار، مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت.

پێشتر ئەوە ڕاگەیاندرابوو کە فواد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق بڕیاری داوە، لەم مانگەوە حکوومەتی عێراق بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام جارێ نازاندرێت کە مانگانە ئەو پارەیەی دەنێردرێت، بڕەکەی چەندە، لە کاتێکدا لە ساڵی ڕابردووەوە مانگانە بەغدا ٣١٧ ملیار دیناری ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان کردووە.

ئەو مووچەیەی لە ڕۆژانی داھاتوودا دابەش دەکرێت، مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانە و چاوەڕوان دەکرێت پێش ھاتنی جەژنی نەورۆز، سەرجەم فەرمانبەران مووچەکانیان پێ بدرێت.







باسنيوز
Top