سەعدی پیرە: یەکێتی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەردەگرێت و هیچ مەرجیشی نییە

 سەعدی پیرە: یەکێتی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەردەگرێت و هیچ مەرجیشی نییە
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، حزبەکەی هیچ مەرجێکی بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت نییە و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش وەردەگرێت.



سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە نوێترین دیداریدا کە لەگەڵ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا) ئەنجامی داوە، باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ئاداری ٢٠١٩ی نێوان سەرۆک بارزانی و کۆسرەت ڕەسوول، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی کردووە و ئاماژەی داوە کە ئەو کۆبوونەوەیە، ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان یەکێتی و پارتی. دەشڵێت: ”مادام پێکەوە ئیشکردنی یەکێتی و پارتی بۆ ئیدارەدانی ھەرێم ھیچ ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەی نییە، دەبێت ڕێک بکەوین".



ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە مەرج نییە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا پارتی و یەکێتی بگەنە هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی، چونکە گفتوگۆ لەبارەی ڕێککەوتنی سیاسی دەکەن.



سەعدی پیرە جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکوومەت وەردەگرن و بۆ پۆستەکانی دیکەش لە کۆبوونەوەکانیاندا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن. دەشڵێت: ”یەکێتی بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت هیچ مەرجێکی نییە، بەڵکوو تەنیا مافی هەیە“.



بەهۆی پێداگریی یەکێتی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی سیاسی لەلایەن پارتییەوە، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ١٨ی شوباتی ٢٠١٩ ئەنجام درا و تێیدا سەرجەم فراکسیۆنەکان بەشدار بوون، لە ئەنجامیشدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا. دواتر چەند دانیشتن و کۆبوونەوەی دیکە لەنێو پەرلەمان کراون کە لە سەرجەمیاندا یەکێتی بەشدار نەبووە.







باسنیوز
Top