هه‌ردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی لە هەولێر كۆدەبنەوە

 هه‌ردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی  لە هەولێر كۆدەبنەوە
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حكوومەت و پرسەکانی کەرکووک و بەغدا لە ھەولێر كۆدەبنەوە.

ھاوكات سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەو ھەواڵەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ پارتی و یەكێتیی كۆدەبنەوە.
بڕیاربوو كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی بۆ تاوتوێكردنی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بێت، بەڵام لەم ماوەی دەواییدا چەند بەربەستێك ھاتوونەتە پێشەوە، وەك پرسی كەركووك و بەغدا و پشكی یەكێتی لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆیە پێدەچێت ئەم كۆبوونەوەیە یەكلاكەرەوە نەبێت و لە داھاتوودا گفتوگۆكان لەسەر ئەم پرسانە بەردەوام بن".

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەسەر چەند پرسێك، لەسەرووی ھەموویانەوە كەركووك ناكۆكن، یەكێتی پێداگیری لە دانانی پارێزگارێك دەكات كە سەربە حزبەكەی بێت، بەڵام پارتی جەخت لە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەكاتەوە و پێی وایە بە دانانی پارێزگارێك كەركووك ئاسایی نابێتەوە، ئەو ناكۆكییانەش كاریگەرییان لەسەر دواكەوتنی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت ھەبووە.

ھەر پەیوەست بە بارودۆخی ھەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دوێنێ سه‌رۆك بارزانی، له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووه‌وه‌، كه‌ پێكهاتبوو له‌ كۆسره‌ت ره‌سووڵ، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی و ئه‌رسه‌لان بایز و عیماد ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌. بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە لەو دیدارەدا "پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كرا و جەختیش لە كاری جدی و بەردەوامیی رێككەوتنی هەردوولا بۆ دامەزراندن و پتەوتركردنی دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كرایەوە ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و گیانی برایەتی و هەست بە بەرپرسیارێتیی هەموو لایەك، بە جۆرێك كە لە ئاست داواكاری و خواستی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێت".





باسنیوز
Top