"ئەوانەی زیادەڕۆییان لە زەویی دەم ڕووبارەكاندا كردووە قەرەبوو ناكرێنەوە"
ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان و كۆگاكانی ئاو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ئەگەری بارانبارینی زیاتر، دوای خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندن بۆمان دەركەوتووە كە بەنداوی دووكان تەنیا ٤ مەتری ماوە بۆ سەرڕێژكردن و پڕبوون، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان و بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق ئاگادارن لە ھەر ئەگەرێكی لەو جۆرە و پێویستە دانیشتووانەكەی لێ ئاگادار بكرێتەوە."
ئەحمەد گوتیشی: "سەرڕێژكردن و بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دووكان تەنیا زیانی بۆ ئەم خانوو و ماڵانە دەبێت كە نزیكن لە زێیەكەوە كە زیادەڕۆییان لە زەویی دەم ڕووبارەكاندا كردووە، بۆیە بە ھیچ شێوەیەك قەرەبوو ناكرێنەوە و مافی ئەوەیان نییە داوای قەرەبوو بكەن، ئەم ئەگەرەش لەوەوە ھاتووە كە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، ھیچ كات لەم كاتەدا ئاوی بەنداوەكە بەو ڕێژەیە بەرز نەبووەتەوە و ئەمەش كاریگەریی لەسەر چارەسەركردنی كێشەی كەمئاویی ناوچەكە دەبێت لە وەرزی كەمئاویدا."
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكان زیاتر گوتی: "ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان ٥٠٦،٩٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرز بووەتەوە و بەمەش تەنیا ٤ مەتر ماوە بۆ پڕبوون و سەرڕێژكردنی بەنداوەكە."
پەیوەست بە ھەمان بابەت، حاكم عومەر، بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان كۆ بووینەوە و ھەمان ئەگەر ھەیە كە ئاوی بەنداوی دووكان پڕ ببێت، ئەمەش لەم بەشەی زێی بچووك كە بە ناحیەی تەقتەقدا تێپەڕ دەبێت، زیانی بۆ چەند ماڵێك دەبێت و دانیشتووانی ئەم جێگایانە ئاگادار دەكەینەوە لە ھەر ئەگەرێكی لەو جۆرە."
KDP-
