سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان ئیدانه‌ى سه‌ربڕینى كچانی ئێزدی له‌ باغۆز ده‌كات

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان ئیدانه‌ى سه‌ربڕینى كچانی ئێزدی له‌ باغۆز ده‌كات
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ بڵاویكردۆته‌وه‌ به‌توندی ئیدانه‌ی سه‌ربڕینی  50 كچ و ژنی كوردى ئێزدی له‌لایه‌ن تێرۆریستانی داعش له‌ باغۆزى سوریا ده‌كات و داوا له‌ حكوومه‌تى فیدرالیى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات رێوشوێنى یاسایی و پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ هێنانه‌وه‌ى ته‌رمى قوربانییه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه‌:

رۆژبه‌ڕۆژ رێكخراوى تیرۆریستیی داعش به‌ره‌و لاوازى و له‌ناوچوون ده‌چێت، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، رۆژانه‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر چه‌ندین تاوانى نه‌گریسی ئه‌م رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ دژ به‌مرۆڤایه‌تییه‌ هه‌ڵده‌درێته‌وه‌، دوا تاوانیش ئاشكرابوونى كوشتنى ژماره‌یه‌ك ژن و كچی پاكیزه‌ى كوردانى ئێزدییه‌ له‌شارى باغۆزى سوریا. به‌پێی سه‌رچاوه‌ سه‌ربازى و میدیاییه‌كانى به‌ریتانیا داعش 50 كچ و ژنی كوردى ئێزدیى به‌شێوه‌یه‌كى دڕندانه‌ سه‌ربڕیوه‌. ئه‌م هه‌واڵه‌ جارێكى تر تاوانه‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كانى رێكخراوى  تیرۆریستیى داعشمان بیرده‌خاته‌وه‌ كه‌ له‌دژی كوردانى ئێزدى و سه‌رجه‌م ئاین و نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ جیاوازه‌كان ئه‌نجامیاندا.

له‌كاتێكدا به‌ناوى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان زۆر به‌توندى ئیدانه‌ى ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ى تیرۆریستانی داعش ده‌كه‌ین كه‌ له‌گوندى (باغۆز)ی سه‌ربه‌پارێزگاى دێرزورى سوریا دژی ژماره‌یه‌ك له‌خوشكان و كچانی كوردى ئێزدى ئه‌نجامیانداوه‌، هاوكات داوا له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكومه‌تى فیدرالیى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین به‌داواداچوون و رێوشوێنى یاسایی و پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ هێنانه‌وه‌ى ته‌رمى قوربانییه‌كان و به‌دۆكیۆمێنتكردنى به‌ڵگه‌نامه‌كانى ئه‌م تاوانه‌و سه‌رجه‌م تاوانه‌كاتى ترى رێكخراوى تیرۆریستیی داعش به‌تاوانى نێوده‌وڵه‌تى ناو ده‌برێن وه‌كو تاوانه‌كانى جینۆساید و تاوانه‌كانى  دژ  به‌ مرۆڤایه‌تى  و تاوانه‌كانى  جه‌نگ .

سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان
KDP-
Top