"ڕۆژانە نزیكەی پەنجا ھاووڵاتیی عێراقی لە لایەن داعشەوە دەكوژرێن"

جووڵەی داعش و ئۆپەڕاسیۆنەكان بۆ سەر ئەو گرووپە لە ڕۆژھەڵاتی فورات زیاتر گرووپەكەی تەنگەتاو كردووە، بە گوتەی چاودێران و بەرپرسانی ئەمنیی عێراق، لئێستا مەترسیی داعش زۆر زیاترە لە ڕابردوو.

عەقید ھێمن حەسەن، شارەزای سەربازی، لەبارەی جووڵەی داعشەوە دەڵێت: "ماوەیەكی زۆرە جووڵەی چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی عێراق بەراورد بە مانگەكانی پێشوو زۆر زیادی كردووە، بەپێی بەدواداچوونی ئێمە لە ھەندێ ناوچەی سەر بە دیالە و ئەنبار و مووسڵ دوای خۆرئاوابوون داعش دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، واتە ئێستا مەترسیی داعش زۆر زیادی كردووە بۆ سەر عێراق، بە شێوەیەك ڕۆژانە ٤٠ تا پەنجا ھاووڵاتیی عێراقی لەلایەن داعشەوە دەكوژرێن".

چەند ڕۆژێكە ئۆپەڕاسیۆنی لەناوبردنی داعش لە باغۆزی سووریا دەستی پێ كردووە و تا ئێستا بە ھەزاران چەكدار و سڤیلی داعش خۆیان ڕادەستی ھێزە جیاوازەكان كردووە، ژمارەیەك لەو داعشانە خەڵكی عێراقن و دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. لەو بارەیەوە، پڕۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل، مامۆستای زانكۆ پێی وایە، پێویستە حكوومەت و دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو بابەتە بە جیددی وەربگرن و پلانیان ھەبێت، بە تایبەتی ئەركی ھێزە ئەمنییەكانی عێراقە چاودێریی زیاتری جووڵەی چەكدارانی داعش بكەن، ئەو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە تایبەتی گەڕانەوەی ئەو ھەموو خەڵكەی داعش و ھاوسۆزی بۆ ناو خاكی عێراق، كێشەی گەورەی ئەمنیی لێ دەكەوێتەوە لە داھاتوودا".

گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٣ خۆی ڕاگەیاند و لە تەمووزی ساڵی ٢٠١٤ ھێرشی كردە سەر عێراق و لە ماوەیەكی كەمدا توانیی بەشێكی زۆری خاكی عێراق داگیر بكات.

عەقید ھێمن حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونی كردەوە: "ھەر گرووپ و تاقمێك فشاری بخرێتە سەر،  خۆڕادەستكردنی ئەندامانی ئەو گرووپ و تاقمە دروست دەبێت، ئەوەیشی ئێستا داعش خۆی ڕادەستی ھێزە عێراقییەكان دەكات، بەو شێوەیە نییە كە لە ڕاگەیاندنەكانەوە باسی دەكرێت، ئەگەر ڕۆژانە چەند داعشێك بكوژرێن، یان ڕادەستی ھێزە عێراقییەكان ببن، چەند ئەوەندەش ماون و خەڵكی پێوەندییان پێوە دەكات".

پەیوەست بە دواڕۆژی گرووپی تیرۆریستیی داعش، دكتۆر خەلیل ئیسماعیل دەڵێت: "داعش وەك پێشتر نەماوە و لەو باوەڕەشدا نیم جارێكی دیكە پێگەی جارانیان وەربگرنەوە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، بەڵام لە ڕووی ئایدولۆژییەوە داعش ھەر ماوە و تا ماوەیەكی دیكەش دەمێنێ".
KDP-
Top