"پارتی ژمارەیەک بریکاری وەزارەتەکانی عێراق وەردەگرێت"

بڕیارە ڕۆژی سێشەمەی دابێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەست بە کۆبوونەوەکانی خۆی بکاتەوە و پەرلەمانتارێکی پارتیش ئاشکرای کرد، بڕیارە تا مانگی ٧، پرسی وەزیر و بریکارەکانی حکوومەتی عادل عەبدولمەھدی کۆتایییان بێت و ھەموو پۆستەکان پڕ بکرێنەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٥ی ئادار، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ دەبێتەوە و بەپێی ڕاگەیاندنی کارگێڕیی پەرلەمان، کارەکانی پەرلەمان بەردەوام دەبن، لەوبارەیەوە دکتۆر مەیادە نەجار، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەنجومەنی نوێنەران لە یەکەم ھەنگاوی دەستپێکی ئەم وەرزەی خۆیدا دەیەوێ پرسی پڕکردنەوەی پۆستی ئەو وەزارەتانە چارە بکات، کە تاکو ئێستا بەبێ وەزیرن و ھەوڵی زۆر ھەن بۆ چارەکردنی ئەو پرسە."

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "بڕیارە تا سەرەتای مانگی ٧ی دابێت ھەموو وەزارەتەکان وەزیریان بۆ دیاری بکرێت و ھیچ وەزارەتێکیش بە وەکالەت بەڕێوە نابرێت، وەک کابینەکانی ڕابردوو، چونکە کاریگەریی دەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی کارەکانی حکوومەت و پڕۆسەی سیاسیی عێراق."

دکتۆر مەیادە نەجاڕ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "جگە لە وەزارەتەکان تا ئەو ڕێکەوتە، پرسی بریکاری وەزارەتەکانیش چارە دەکرێن، ئەوانەی بریکاریان نییە بۆیان دیاری دەکرێت و ئەوانەیشی بەوەکالەتن دەکرێنە فەرمی، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و وەک ھێزی یەکەمی براوە لە ھەڵبژاردنەکان ژمارەیەک پۆستی بریکاری وەزارەتەکانمان بەردەکەوێت، بەڵام وەک ژمارە جارێ ناتوانین ئاشکرای بکەین."
KDP-
Top