"قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی دەستی تیرۆر هاووڵاتییانی هەرێمیش دەگرێتەوە"
پێوەست بە بڕیاری قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆر، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بە ڕێوشوێنەکانی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی دەستی تیرۆر دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش بەرەڤان حەمدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پاش ئەو سەردانەی دەزگای شەھیدانی بەغدا بۆ وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان کردیان، ئامادەکاری و دانیشتنمان کردووە بۆ نووسینی کۆنووسێک و، ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانمان وەرگرتووە بەپێی یاسای ژمارە ٢٠ی ساڵی ٢٠٠٩، ھەمواری ژمارە ٥٧ی ساڵی ٢٠١٥ و، کار لەسەر ئامادەکردنی لیژنەیەک دەکرێت بە سەرپەرشتیی دادوەرێک لە وەزارەتی داد، بۆ ئەوەی بتوانین لە ٦ مانگی کۆتاییی ئەمساڵدا بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لە لیژنەی باڵا وەربگرین، کە بە چ شێوازێک ئەو ھاووڵاتییانە لە ھەرێمی کوردستان قەرەبوو دەکرێنەوە."
بەرەڤان حەمدی ڕایشیگەیاند: "ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندیی داوە بە وەزارەتی ناوخۆ کە ئامادەکاری بکات بۆ کۆکردنەوەی ئەو داتایەنەی کە پەیوەستن بە کردەوە تیرۆریستییەکان و قوربانییانی کردەوە تیرۆریستییەکان کە لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە ھەرێمی کوردستان کراون، تاوەکو ھەرێمی کوردستان وەکو پارێزگاکانی تری عێراق لە چوارچێوەی ئەو بوودجەیەی کە بۆ ساڵی ٢٠١٩ تەرخان کراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی دەستی تیرۆر، بۆ ئەوەی ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستانیش وەک ھاووڵاتیی عێراقی لەو یاسایە سوودمەند بێت."
لەو یاسایەدا کە دەرچووە و بوودجەی بۆ تەرخان کراوە، ئاماژە بە ناوی کوردستان کراوە، پێویستە ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو بوودجەیەی تەرخان کراوە شایستەی خۆی ھەبێت، کە شایستەی خۆی ھەبوو سوودمەندەکە قوربانییان دەبن. حەمدی زیاتر ڕوونی کردەوە، کە بڕیارەکە لە پارێزگاکانی تری عێراق چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپێی یاسا و تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان ئێستا کار لەسەر قوربانییانی تیرۆر و ھەوڵە سەربازی و جەنگییەکان دەکرێت، لە یاساکەشدا بڕی پێدانی پارەکە دیاری دەکرێت."
ناوبراو دەشڵێت: "ئەندامانی لیژنەکە لە ٥ وەزارەت پێک دێن، ئەوانیش وەزارەتی دارایی، تەندروستی، ناوخۆ، پێشمەرگە و وەزارەتی شەھیدان، لەگەڵ نوێنەری ھەریەک لە پارێزگاکان، ھەر پارێزگایەکیش نوێنەرێکی دەبێت، نووسینگەشیان دەبێت بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە، لە ماوەیەکی نزیکی داھاتووشدا لیژنەکان دەست بە کارەکانیان دەکەن و سەرژمێری و بەدواداچوون بۆ ئەو زەرەرمەندانە دەکەن، پاش ئەوە نامەی ڕەسمی ئاراستەی بەغدا دەکرێت بۆ ئەوەی لە بەغدا لیژنەی باڵا بڕیاری لێوە بدات."
بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، باسی لەوەش کرد: "قوربانیانی شەڕی داعش ئەگەر شەھید بێت، یان بریندار بووبێت، ئەوا لە وەزارەتی پێشمەرگە و شەھیدان شایستە داراییەکانیان بۆ سەرف کراوە، بریندارەکانیش بەپێی ئیمکانیاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چارەسەریان بۆ کراوە، ناوبراو وەک وەزارەت ئامانجیان ئەوەیە، لە چوارچێوەی یاسا ئەو بوودجەیەی کە عێراق بۆ بواری تیرۆر تەرخانی کردووە، ھاووڵاتیی کوردستانیش وەک ھاووڵاتیی عێراقی سوودمەند بێت و شایستەکانیان یەکسان بێت."
kdp-
