سەرۆک بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ کۆبوونەوە

سەرۆک بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ کۆبوونەوە
کەمێک لەمەوبەر، کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتیری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجام درا.

چاوەڕوان دەکرێت دوای کەمێکی دیکە، ڕاگەیاندراوێک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و گفتوگۆکانیان بڵاو بکرێتەوە.

پێشتر محەمەد چاو جوان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕای گەیاندبوو: "پارتی و یەکێتی گرنگە لەم قۆناغەدا پێکەوە بەرپرسیاریەتی ھەڵبگرن، لەرابردوو و لە داھاتووش پێگە و شوێنیان دیار بووە، ھەردووکیان خاوەنی ھێز و جەماوەری خۆیانن، لەدەرەوەش پێگەیان بەھێزە، بۆیە دەبێ ئەم دوو حزبە بەیەکەوە بن“

بە گوتەی ناوبراو، ”ناکرێت پارتی و یەکێتی بە شتی لاوەکییەوە سەرقاڵ ببن، بەڵکوو کاتی ئەوەیە خزمەتی خەڵک بکەن“.

ناوبراو باسی لە سەردانەکەی کۆسرەت ڕەسووڵ بۆ لای سەرۆک بارزانی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان هیوایان بەو سەردانە هەیە. گوتیشی: ”خەڵک چاوەڕوانی پارتی و یەکێتی دەکات، دەبێ ھیوابەخش بین، من خۆم گەشبینم کە دەگەین بە رێککەوتن و ئومێدمان ھەیە".

پێشتر جەمال هەرووتی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە پەیامێکدا کە ئاراستەی سەرۆک بارزانی کردووە، داوای کردبوو، بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتی بتوێنێتەوە.











باسنیوز
Top