ئەم ھەفتەیە دەنگ لەسەر لیژنە ھەمیشەیییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت

ئەم ھەفتەیە دەنگ لەسەر لیژنە ھەمیشەیییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، سبەی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ھەڵبژاردنی لیژنە ھەمیشەیییەکانەوە کۆ دەبیتەوە و ھەر لەم ھەفتەیەشدا دەنگیان لەسەر دەدرێت و دوای دیاری کردنی لیژنە ھەمیشەیییەکان دەست بە دەرکردنی یاسای نوێ دەکەن.

بەھمەن کاک عەبدوڵڵا، ئەندامی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی پەرلەمان لەبارەی لیژنە ھەمیشەیییەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە کۆ دەبێتەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی لیژنە ھەمیشەیییەکانەوە دەکرێت و دوای ئەوە ھەر لەم ھەفتەیەدا دەنگ لەسەر لیژنە ھەمیشەیییەکان دەدرێت."

بەھمەن عەبدوڵڵا گوتیشی: "دوای ھەڵبژاردنی لیژنە ھەمیشەیییەکان کار بۆ دەرکردنی یاسای نوێ دەکەین و ئەولەویەتیش بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانە."

عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد: "لە خولی ڕابردووی پەرلەمان، حکوومەت یاسای چاکسازیی بۆ پەرلەمان ڕەوانە کردووە، بۆیە پێویستە ئەمجارەش حکوومەت ڕەوانەی بکاتەوە، ئینجا پەرلەمان کاری لەسەر بکاتەوە، چونکە خولێکی نوێی پەرلەمان ھەیە و خولی پێشوو نەماوە، بۆیە پێویستە حکوومەتیش دووبارە پڕۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان ڕەوانە بکاتەوە، نەک ئەو یاسایە ھەموو ئەو یاسایانەی پێشتر بۆ پەرلەمان ڕەوانە کراون، کە بریتین لە نزیکەی ١٤٠ پڕۆژەیاسا."
kdp-
Top