ئەم ھەفتەیە دەنگ لەسەر لیژنە ھەمیشەیییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت
بەھمەن کاک عەبدوڵڵا، ئەندامی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی پەرلەمان لەبارەی لیژنە ھەمیشەیییەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە کۆ دەبێتەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی لیژنە ھەمیشەیییەکانەوە دەکرێت و دوای ئەوە ھەر لەم ھەفتەیەدا دەنگ لەسەر لیژنە ھەمیشەیییەکان دەدرێت."
بەھمەن عەبدوڵڵا گوتیشی: "دوای ھەڵبژاردنی لیژنە ھەمیشەیییەکان کار بۆ دەرکردنی یاسای نوێ دەکەین و ئەولەویەتیش بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانە."
عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد: "لە خولی ڕابردووی پەرلەمان، حکوومەت یاسای چاکسازیی بۆ پەرلەمان ڕەوانە کردووە، بۆیە پێویستە ئەمجارەش حکوومەت ڕەوانەی بکاتەوە، ئینجا پەرلەمان کاری لەسەر بکاتەوە، چونکە خولێکی نوێی پەرلەمان ھەیە و خولی پێشوو نەماوە، بۆیە پێویستە حکوومەتیش دووبارە پڕۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان ڕەوانە بکاتەوە، نەک ئەو یاسایە ھەموو ئەو یاسایانەی پێشتر بۆ پەرلەمان ڕەوانە کراون، کە بریتین لە نزیکەی ١٤٠ پڕۆژەیاسا."
kdp-
