دەرکردنی ھێزە بیانییەکان لە عێراق دەبێتە ھۆی نەمانی کۆمپانیا بیانییەکان

دەرکردنی ھێزە بیانییەکان لە عێراق دەبێتە ھۆی نەمانی کۆمپانیا بیانییەکان
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، چەند کوتلەیەکی شیعە پڕۆژەیاسایەکیان ئامادە کردووە و دەیانەوێت ھێزە بیانییەکان لە عێراق دەربکەن.

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، محەمەد ئەمین فارس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی تەواو دەبێت و بڕیارە ئەگەر دوا نەخرێت، ڕۆژی ٥ی مانگی ٣، کۆبوونەوەکانمان دەست پێ بکاتەوە و چەند پرسێک ئامادە کراون بۆ ئەوەی لە کاتی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکاندا بخرێنە بەرنامەی کارەوە، لەوانە تەواوکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، کە سێ وەزارەت ماوە تەواو بکرێن، ئەوانیش وەزارەتی داد و ناوخۆ و بەرگرین."

محەمەد ئەمین فارس گوتیشی: "جگە لەوەش، ھەندێک کوتلەی شیعە پڕۆژەیاسایەکیان ئامادە کردووە و دەیانەوێت بیخەنە بەرنامەی کارەوە، ئەویش دەرکردنی ھێزە بیانییەکانە لە عێراق و جارێ دیاریش نییە تا چەند سەرکەوتوو دەبێت، چونکە ئەو پرسە زۆر ھەستیارە."

فارس باسی لەوەش کرد: "ئێمە وەکو فراکسیۆنەکانی کورد پێویستە بە وردی ئەو پرسە تاوتوێ بکەین، چونکە ئێستا دۆخی عێراق ھی ئەوە نییە ھێزە بیانییەکان دەربکرێن، لەبەر ئەوەی دۆخی ئەمنی باش  نییە و بە نەمانی ھێزە بیانییەکان خراپتر دەبێت. جگە لەوەش، ئەو کۆمپانیا بیانییانەی لە عێراق کار دەکەن، دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان، چونکە ئامادە نین بەو دۆخەی ئێستاوە لە عێراق کار بکەن، بۆیە ئێمە بڕیارێک دەدەین کە لە بەرژەوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستان بێت و ئێمە لەخۆڕا دەنگ بەو پڕۆژەیاسایە نادەین و پێمان وایە بە ھیچ شێوەیەک لە بەرژوەندیی عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی نییە."
kdp-
Top