لە دهۆک کێشەی ژمارەیەک پڕۆژەی ڕاگیراو چارە دەکرێن
لەوبارەیەوە کوردۆ ئیحسان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرھێنانی پارێزگای دھۆک کێشەیان تێدایە و لە دەستپێکی کارەکانی خۆمان داناوە بۆ ئەوەی کێشەکانیان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارە بکەین، بەتایبەتی پێنج پڕۆژەی کەرتی نیشتەجێبوون کە پێشتر وەبەرھێنەران بەجێیان ھێشتوون، ئەوەش وای کردووە کێشەیەکی زۆر بۆ ئەو ھاووڵاتییانەش دروست ببێت کە پێشتر یەکەی نیشتەجێبوونیان لەو پڕۆژانە کڕیوە."
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی پارێزگای دھۆک گوتیشی: "لەو پێنج پڕۆژەی کێشەی گەورەیان هەبووە کێشەکانیان سێ پڕۆژەیان بەرەو کۆتایی دەچێت و چارە دەکرێن، لە داھاتوودا کار بۆ تەواوکردنی ئەو سێ پڕۆژەیە دەکرێت، بۆ ئەو دوو پڕۆژەیەی دەشمێنن بە دوای چارەی گونجاودا دەگەڕێین تا ئەوانیش کێشەکانیان چارە بکرێن."
پەیوەست بە لێپرسینەوە لەو وەبەرھێنەرانەی کەمتەرخەمییان کردووە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان، کوردۆ ئیحسان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕاستە لە لایەن بەشێک لە وەبەرھێنەرانەوە کەمتەرخەمی ھەبووە، بەڵام لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ وەبەرھێنەرانی کەمتەرخەم کراوە و بەشێکیان دراونەتە دادگا و وەبەرھێنەریش ھەبووە لەبەر کێشەکانی، بۆ دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ڕای کردووە."
kdp-
