لەزگین: گەورەترین گەندەڵیی عێراق لە سێكتەری سەربازیدا كراوە
هندرێن لەزگین ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستەی سەرۆكایەتیی لیژنەی نەزاهە هەڵدەبژێرین و دەست بە كارەكانمان دەكەین. كۆمەڵێك دۆسییەی گەندەڵی لە لیژنەكەمانە و بە وردی كاریان لەسەر دەكەین."
لە دە ساڵی ڕابردوودا بەشێكی گرنگ لە سامانی نیشتمانیی عێراق بە چەك دراوە. پرۆسەی كڕینی چەك لەم وڵاتەدا گەندەڵییەكی زۆری تێدا كراوە و بەشێك لە بەرپرسانی باڵای عێراق تۆمەتبارن بە گەندەڵیكردن لە گرێبەستەكانی كرینی چەك لە وڵاتان. پێوەست بە هەڵدانەوەی ئەو دۆسییانە، ئەو ئەندامەی لیژنەی نەزاهەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرای كرد: "سێكتەری سەربازی لە عێراق گەورەترین گەندەڵیی تێدا كراوە، بەتایبەت لە گرێبەستەكانی كڕینی چەك و كەرەستەی سەربازیدا کە لە وڵاتانیان کڕیوە. ئێمەش خەریكی لێكدانەوەی دۆسییەكانین و كار لەسەر بەڵگە و دیكۆمێنتەكان دەكەین و ناوی چەندان بەرپرسی باڵای سیاسی و سەربازیشی تیدا هاتووە."
لەزگین جەختیشی كردەوە: "ئەو بەرپرسانەی دەستیان هەبووە لە گەندەڵیی دۆسیەی سەربازی و كڕینی چەكدا، دەبێ دادگایی بكرێن و هەمووان ملكەچی یاسا دەكەین."
kdp-
