ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان: ئومێدمان بە رێککەوتن لەگەڵ پارتی و کابینەی نوێ هەیە
ھێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەر لایەنێکی سیاسی بڕوانێتە ئەم ڕەوشەی ھەرێمی کوردستان و ڕاستگو بێت لەگەڵ پەیام و بەرنامەکەی خۆی، دەبێ گەشبین بێت بە کابینەی داھاتوو و نیەتی ئەوە بێت ژمارەیەک لایەنی سیاسی لەنێو حکوومەتدان تا کابینەی حکوومەت سەرکەوێت بۆ خزمەتی ھاووڵاتییان."
شێخانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەشداری لە کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بکەن و دواجار کار بۆ سەرکەوتنی کابینەی حکوومەت بکەن، ئێمە لە جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان کاتێک ھاتوویی بەشداری لە حکوومەتدا بکەین، ئەوە بە نیەتێکی پاک و بە نیەتی خزمەتکردن بەشدار بووینە، کە ڕێککەوتنامەمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئیمزا کردووە لە یەک خاڵیش پاشگەز نابینەوە، ڕاستە پارتی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە، بەڵام ھەر لایەنێکی سیاسی ویستی بەشداریکردنی لە کابینەی حکوومەتدا ھەبێت، ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنە ئامادەی دانوستانین، تا بتوانین کارێکی وا بکەین کابینەی دابێت ببێتە کابینەی خزمەتگوزار و لابەری قەیرانەکان بێت."
ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان گوتیشی: "ئێمە کاتێک ڕێککەوتنی دوولایەنەمان لەگەڵ پارتی ئیمزا کردوە، بێگومان ئومێدمان بەو ڕێککەوتنە و کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە."
ھێمن شێخانی ڕوونی کردەوە: "ھەرکات کورد یەکڕیز بووبێت ئەوە سەرکەوتوو بووە، بەشێکی شکستەکانیش بەپێچەوانەوە، پێمان وایە ئەوانەی دێنە ناو کابینەی حکوومەت و پلان و بەرنامەی خۆیان بۆ خزمەتکردنی جەماوەری کوردستان دەخەنە ڕوو، گەورەترین دڵسۆزی دەنوێنن، ئەوانەیشی نایەنە نێو حکوومەت ئەوە پێویستە ھێمنیی کوردستان بپارێزن، چونکە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانگاریی گەورەدایە و پێویستە ڕەوشەکە لەبەرچاو بگیرێت، ڕووداوەکان پێمان دەڵێن دەبێ کورد یەکڕیز بێت."
kdp-
