21 ڕفێندراوی دیکەی ئێزدی گەیەندرانەوە هەرێم

21 ڕفێندراوی دیکەی ئێزدی گەیەندرانەوە هەرێم
بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕفێنراوانی كوردانی ئێزدی ئاشكرای کرد ئەمڕۆ 21 ڕفێندراوی ئێزدییان گەیاندووەتەوە هەرێمی كوردستان و سەرجەمیان ڕادەستی خێزانەكانیان كراونەتەوە.

حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕفێنراوانی كوردانی ئێزدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ 21 ڕفێندراوی ئێزدی كە لە لایەن داعشەوە ڕفێندرابوون و لە سووریا ڕزگار كرابوون لە چنگی تیرۆرستان گەیەندرانە نێو خاكی هەرێمی كوردستان، سەرجەمیان بە كەسوكاریان شاد بوونەوە و ڕادەستی خێزانەكانیان كرانەوە."

بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕفێنراوانی كوردانی ئێزدی ڕوونیشی كردەوە: "كێشەی زۆرمان هاتووەتە پێش بۆ هێنانەوەی ئەو ئازادكراوانە لە سووریاوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئاخر سنووری ڕۆژاوای كوردستان و هەرێمی كوردستان لە ناوچەی شنگال لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە داخراوە. دوای هەوڵێكی زۆر ئەمڕۆ ئەو 21 ئازادكراوە گەیەندرانە نێو خاكی هەرێم."

قائیدی جەختیشی كردەوە: "نووسینگەی ڕفێنراوانی كوردانی ئێزدی بەردەوام دەبێت لە دۆزینەوە و ئازادكردنی تەواوی ئەو ئیزدییانەی كە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێندراون، تا یەك كەس مابێت ئێمە بەردەوامین لە كارەكانمان."

لە مانگی ئابی ساڵی 2014 تیرۆریستانی داعش پەلاماری شنگال و دەوروبەریان دا و خەڵكێكی زۆریان بە دیل گرت و ڕەوانەی ناوچە جیاوازەكانی ژێردەستی خۆیانیان كردن.
kdp-
Top