وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی ساختەبوونی بڕوانامەی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە هاتە دەنگ

وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی ساختەبوونی بڕوانامەی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە هاتە دەنگ
وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ساختەبوونی بڕوانامەی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بڵاو کردەوە.

لەو ڕوونکردنەوەیەدا ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ساختەیی بڕوانامەی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە دراوە و ئەوە ئاشکرا کراوە کە چەند مانگێکە وەزارەتەکە ئاگاداری کەیسەکەیە و لەسەر داوای سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجە، بەدواداچوونیان بۆ کەیسەکە کردووە و بە نووسراو ئاراستەی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

جەختیش لەوە کراوەتەوە کە دەستەکە لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و درووستیی ئەو بابەتە دەکات و وەزارەتی خوێندنی باڵا چاوەڕوانی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دەستەی دەستپاکی دەکات. بۆیە داوایان لە هەر کەسێک کردووە کە بەڵگەیان لەبارەی ئەو کەیسە لەبەردەست دایە، ئاراستەی دەستەی دەستپاکی بکەن.

وەزارەتەکە داوای کردووە کە هیچ کەس و لایەنێک تۆمەتبار نەکرێت تاوەکوو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە فەرمی یەکلای دەکەنەوە و دۆسیەکەی ساخ دەکەنەوە. ئەوەش ئاشکرا کراوە کە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، خوێندنی (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا)ی لە ھەرێمی کوردستان تەواو کردووە.

پێشتر پەرلەمانتارێکی سەر بە نەوەی نوێ کە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکایەتی دەکات، نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی بڵاو کردبووەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لە ساڵانی ١٩٩١ و ١٩٩٢ لە خوێندنی بەکالۆریۆس دابڕاوە. بەڵام دواتر زانکۆی هەڵەبجە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد کە سەرۆکی زانکۆکە وەک سەدان قوتابیی کوردی دیکە، پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان، لە زانکۆی بەغدا وازیهێناوە و لە زانکۆی سەڵاحەدین درێژەی بەخوێندن داوە.










باسنيوز
Top