هاووڵاتییانی زیانلێکەوتووی دەڤەری سۆران قەرەبوو دەكرێنەوە
بەپێی راگەیاندراوێكی نووسینگەی د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوە خراوەتە ڕوو "لە 18-11-2018، نووسراوێكمان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و داوامان لێكردن لە بودجەی فریاكەوتن بەشێك بۆ ئەو ناوچانەی هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت كە بەهۆی لافاوەوە زیانیان پێگەیشتووە، داواشمان لە قایمقامیەتی هەر سێ قەزای (سۆران و چۆمان و رواندز) كرد دەرخستەیەكی سەرەتایی زیانەكانمان بۆ بكەن، دەرخستەكەیان بۆ ناردین، ئێمەش بۆ وەزارەتی داراییمان نارد، دوو جاریش بە زارەكی وەزیری داراییمان گوتووە پارەكە دوا كەوتووە و لای ئێوەیە، ناكرێ بڵێن بودجە ماوە یان نەماوە، چونكە ئەمە لە بودجەی فریاكەوتنە و هەموو كات و ساتێك پارەكە ئامادەیە، ئێستاش بڕیارەكە لای وەزارەتی دارایی ماوە بۆ خەرجكردنی".
لە ڕاگەگەیەندراوەکەی نووسینگەی د.بەشیر حەدادا هاتووە :"سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاسای بودجە توانیمان 16 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەین، ئومێد دەكەین سەرەڕای ئەو پارەیەی وەزارەتی دارایی بۆیان دابین دەكات، ناوچەكانی سۆران و چۆمان و رواندز لەو 16 ملیار دینارەش بەشێكیان هەبێت.
باسنيوز
